وەزیری کارەبا: پێوەرى زیرەک بناغەى پرۆژەى رووناکییە

وەزیری کارەباى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دانانی پێوەرى زیرەک سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، کە بووەتە بناغە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و لە دیاریکردنی نرخیشدا رەچاوی دۆخی دارایی هاونیشتمانییانى کەمدەرامەت و مامناوەند دەکەن.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەباى هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمدا توانراوە هەزار و 840 مێگاوات کارەبا بۆ بەرهەمهێنان زیاد بکرێت و بەتایبەتیش سوود لە پرۆژەی وێستگەی 165 مێگاواتی كارەبا وەرگیراوە، کە یەكەمین پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتەكان كار دەكات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە وەزارەتى کارەبا، 61 هەزار سەرپێچی و زیادەڕۆیی سەر تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا راگیراوە.
سەبارەت بە پرۆژەی رووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی، وەزیرى کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەسەركەوتوویی پرۆژەی پێوەری زیرەكیان جێبەجێ كرد، كە بۆ ژێرخانی پرۆژەی رووناكی كارەباى 24 كاتژمێرییە و تاوەکو ئێستا 150 بۆ 160 هەزار هاوبەشی كارەبا لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەکە سوودمەند بوون".
لە بارەی نرخی کارەباشەوە دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت: "لەدیاریكردنی نرخی كارەبا رەچاوی دۆخى خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكەن."
کەمال محەمەد گوتیشى، لە پێنج ساڵدا لە کێڵگەى کۆرمۆر توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتییان لە 350 ملیۆن پێ سێجاوە گەیاندووەتە 520 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها لە کێڵگەى خورمەڵەش بڕەکە گەیشتووەتە 160 ملیۆن پێ سێجا، بەمەش لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی گاز گەیشتووەتە 680 ملیۆن پێ سێجا.