کۆمپانیای نیسان نوێترین تاکسیی خودڕەوی تاقیدەکاتەوە

test

کۆمپانیای نیسان یەکەم تاکسیی خودڕەوەی دروستکراوی کۆمپانیاکەی لە یەکێک لە شەقامە قەرەباڵغەکانی شاری یۆکۆهاما لە ژاپۆن تاقیکردەوە. تاکسییە بێ شۆفێرەکە نوێترین ئۆتۆمبێلی خودڕەوی دروستکراوی کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنییە و چەندین تایبەتمەندی سەرنجراکێشی تێدایە بۆ ئەنجامدانی گواستەوەیەکی سەلامەت.

ئۆتۆمبێلەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەڕوات، 14 کامێرا و نۆ رادار و شەش هەستەوەری لیدار بەکاردەهێنێت بۆ چاودێریکردنی دەوروبەرەکەی. بەکارهێنەران لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە داوای تەکسەیەکە دەکەن و لە هەمانکاتدا ئەو شوێنەی دەیەوێت بۆی بچێت دیاری دەکات.

دروستکەرانی بۆچونیان وایە، ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکەیان شۆفێریکردنی سەلامەترە لە مرۆڤ ئەوەش بۆ هەبوونی ژمارە زۆرەی هەستەوەرەکانی دەگەڕێننەوە.

تاکێشی کیمورا، پسپۆڕی جوڵە و ژیریی دەستکردی کۆمپانیای نیسان، بۆچونی وایە "کاتێک مرۆڤێکی ئاسایی شۆفێری دەکات و دەیەوێت ساید بگۆڕێت دەبێت چاوی لەسەر رێگای پێشەوە هەڵبگرێت کە ئەمە مەترسیدارە، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلانە بەردەوام لەڕێگەی هەستەوەرەکانەوە هەموو دەوروبەرەکەیان دەستنیشان دەکەن، و دەتوانن هەموو هێڵەکانیان بگۆڕن بەبێ ئەوەی چاویان لە ڕێگاکە لابدەن. ئێمە پێمانوایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی شۆفێری سەلامەتتر بکات لە مرۆڤ"

تەکنەلۆجیاکە بەشێکە لە هەوڵەکانی ژاپۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گواستنەوە بەهۆی بەرزی ژمارەی بەساڵاچوانی لە دانیشتوانەکەیدا و کەمی شۆفێری پیشەگەر.

ئۆتۆمبێلەکە لە بارەگای سەرەکی نیسانەوە بە خێرای 40 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا لێدەخوڕێت، لە کاتی بوونی پیادەدا دەوەستێت و هێڵەکانی پەڕینەوەش دیاری دەکات. سەرەڕای توانا بەرچاوەکانی، سیستەمی ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکە وەک ئاستی دوو پۆلێن کراوە، واتە هێشتا پێویستی بە چاودێری مرۆڤ هەیە.

بەڵام پسپۆڕان بۆچونیان وایە، لەگەڵ بەکارهێنانی تەکسیە خودڕەوەکان کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات کە لە کاتی بوونی رووداوی نەخوازراودا کێ بەرپرسیارێتیی دەگرێتە ئەستۆ؟

تاکیۆ ئیگاراشی، پرۆفیسۆر لە تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر و زانیاری لە زانکۆی تۆکیۆ، دەڵێت، "کێشەیەکی تری گرنگ ئەوەیە کێ بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ؟ لە کاتی شۆفێریکردنی مرۆڤدا شۆفێر بەرپرسیارێتیی رووداوەکان دەگرێتە ئەستۆ ئەمە ڕوونە. بەڵام  بۆ ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکان کەس شۆفێری ناکات، بۆیە هێشتا نازانین کێ بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ."

کۆمپانیای نیسان بەنیازە لە ساڵانی داهاتوودا 20 لەو ئۆتۆمبێلە خودڕەوانە لە یۆکۆهاما جێگیربکات، بەو هیوایەی تاوەکو ساڵی 2029 یان 2030 بە بگاتە ئاستی چوارەم کە بەواتای شۆفێریکردنی تەواو سەربەخۆدێت بەبێ چاودێریکردن.

بەرپرسانی ژاپۆن دەڵێن ئۆتۆمبێلە سەربەخۆکان دەتوانن رۆڵی سەرەکی بگێڕن لە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی گواستنەوە، بەڵام دڵنیابوون لە سەلامەتی و متمانەی گشتی هێشتا گەورەترین بەربەستن کە دەبێت تێپەڕێنرێت.