عێراق و کۆمپانیای بی پی گرێبەستیان بۆ نەوتی کەرکوک واژۆکرد

وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیای بی پیی بەریتانى، گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانى چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک واژۆکرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتیى واژۆکردنی گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای (بى پیی بەریتانی)ـی کرد.
گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوتى چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوکە، کە بریتین لە کێڵگەکانى هاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەباز.
بەگوێرەى گرێبەستەکە "نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەکە بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگی سامانی هایدرۆکاربۆن، زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە ئامانجی گەیشتن بە (420) هەزار بەرمیلى رۆژانەیە".
هاوکات، بەگوێرەى گرێبەستەکە وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای گازی باکوور بۆ بەرهەمهێنانی (400) ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبایی بە توانای 400 مێگاوات دەکرێت.
وەستاندنی بەردەوامی سوتانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە بەکارهێنانی بەشێوەیەکی گونجاو و دابینکردنی سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەشێکى دیکەیە لە گرێبەستەکەى نێوان وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى بى پى.