پەیامی تیۆدۆرۆس تێرزۆپۆڵۆس بۆ رۆژی جیهانیی شانۆی ساڵی 2025

پەیامی رۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی 2025، لەلایەن دەرهێنەری دیاری شانۆی یۆنان تیۆدۆرۆس تێرزۆپۆڵۆس.
لە جیهانی هاووڵاتییە هەژارکراوەکاندا، ئەوانەی لە زیندانە تاکەکەسییەکانی واقیعی خوازەدا بەند کراون و بە تایبەتمەندێتییە خنکێنەرەکانی خۆیان گەمارۆدراون، لە جیهانی هەبوونە بەڕۆبۆتکراوەکانی ناو سیستەمێکی تۆتالیتاری کۆنترۆڵکەر و سەرکوتکەردا، لە سەرانسەری ئەم ژیانە تارمایی ئاسایەدا، ئایا شانۆ توانای بیستنی ئەو بانگەوازی بەدەنگەوەهاتنەی هەیە کە ئەم سەردەمەی ئێمە دەینێرێتە دەرەوە؟

ئایا شانۆ گرنگی بە لەناوچوونی ژینگەیی، گەرمبوونی جیهان، لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندەوەران، پیسبوونی زەریاکان، توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان، زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و رووداوە توندەکانی کەشوهەوا دەدات؟ ئایا شانۆ دەتوانێت ببێتە بەشێکی چالاک لە سیستەمی ژینگەییدا؟ ساڵانێکی زۆرە شانۆ چاودێری کاریگەریی مرۆڤەکان دەکات لەسەر ئەم هەسارەیە، بەڵام بۆی سەختە مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بکات.
ئایا شانۆ نیگەرانە لەو بارودۆخەی لە سەدەی بیست و یەکدا بۆ مرۆڤ دادەڕێژرێت؟ ئەوەی هاوڵاتی لەلایەن بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و تۆڕە میدیاییەکان و کۆمپانیاکانی دروستکردنی بیروڕاوە هەڵدەسووڕێنرێت.
ئەوەی سۆشیال میدیاکان، بەو ئەندازەیەی خۆیان دەستەبەری دەکەن، پاساوی مەزنن بۆ پەیوەندیکردن، چونکە بەپێی پێویست مەودایەکی بێوەی فەراهەم دەکەن لەگەڵ ئەویتر دا، هەستێکی بەربڵاوی ترس لە ئەویتر، جیاواز، نامۆ، زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و کردارەکانماندا.
ئایا شانۆ دەتوانێت وەک وۆرک شۆپێک کار بۆ پێکەوەژیانی جیاوازییەکان بکات، بەبێ ئەوەی ئەو کسپە خوێنبەربووە لەبەرچاو بگرێت؟ ئەو کسپە خوێنبەربووە بانگهێشتمان دەکات جارێکیتر ئەفسانە بنیاد بنێینەوە، بە وتەکەی هاینەر مۆلەر: "ئەفسانە کۆکەرەوەیە، ئامێرێکە هەمیشە دەتوانرێت ئامێری نوێ و جیاوازی پێوە پەیوەست بکرێت، بەردەوام وزە دەگوازێتەوە تا ئەو خێراییە گەشەسەندووە مەیدانی کەلتوور دەتەقێنێتەوە." من مەیدانی بەربەرییەتیشی بۆ زیاد دەکەم.

ئایا چەپکەڕووناکیی شانۆ دەتوانێت رۆشنایی بخاتە سەر کسپەی کۆمەڵایەتی و واز لە رۆشنایی چەواشەکارانەی سەر خۆی بهێنێت؟ ئەو پرسیارانەی رێگە بە وەڵامی یەکلاکەرەوە نادەن، چونکە شانۆ لە سایەی پرسیارە بێ وەڵامەکانەوەیە بوونی هەیە و دەتوانێت بەردەوام بێت، ئەو پرسیارانەی لەلایەن دیۆنیزۆسەوە هەڵگیرسێنراون، ئەمڕۆ، لە رۆژی جیهانیی شانۆدا، بە تەنیشت شوێنی لەدایکبوونەکەیدا گوزەر دەکات، بەتەنیشت ئۆرکێسترای شانۆی کۆن دا و بەناو دیمەنەکانی جەنگدا درێژە بە گەشتە بێدەنگە پەناهەندییەکەی خۆی دەدات، با سەیری چاوەکانی دیۆنیزۆس بکەین، ئەو خوداوەندە شاگەشکەیەی شانۆ و ئەفسانە کە رابردوو و ئەمێستا و داهاتوو یەکدەخات، منداڵی دوو لەدایک بوون، لەلایەن سێمێڵ و زیۆسەوە، دەربڕی شوناسە شلەکان، مێینە و نێرینە، توڕە و میهرەبان، یەزدان و ئاژەڵ، لە لێواری نێوان شێتیی و ئاوەز دا، رێکوپێکی و پشێویی، ئەکرۆباتێک لەسەر سنووری نێوان ژیان و مردن، دیۆنیزۆس پرسیارێکی بنەڕەتی ئەنتۆلۆژی دەخاتە ڕوو :"ئەمە هەمووی دەبارەی چییە؟" پرسیارێک، داهێنەر بەرەو لێکۆڵینەوەیەکی هەمیشە قووڵتر رادەکێشێت لەمەڕ ڕەگی ئەفسانە و رەهەندە هەمەچەشنەکانی مەتەڵی مرۆڤایەتی.
ئێمە شێوازی گێڕانەوەی نوێمان پێویستە ئامانجی ئەوە بێت، بۆ دەرباز بوون لەم دیکتاتۆرییە فرەچەشنەییەی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەمێستا، یادەوەری بچێنێت و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی نوێ داڕێژێت.
تیۆدۆرۆس تێرزۆپۆڵۆس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: رزگار حەمە رەشید
تیۆدۆرۆس تێرزۆپۆڵۆس، دەرهێنەری ناسراوی جیهانیی شانۆ، لە ساڵی 1945 لە گوندی ماکریگیاڵۆس، لە ناوچەی پیریای باکووری یۆنان لەدایکبووە، لە قوتابخانەی هونەری دراماتیکیی کۆستیس میشایلیدیس (ئەسینا، 1965-1967) راهێنانی وەرگرتووە و خوێندنی لە گرووپی بەرلینێر (بەرلین، 1973-1976) تەواو کردووە، لە هەمان کاتدا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە، هاوڕێی هاینەر مۆڵەر بووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی درامای شانۆی نیشتمانیی باکووری یۆنان بووە،شێواز و کارەکانی تێرزۆپۆڵۆس لەلایەن توێژەرانی ناوداری شانۆوە بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لە هەمان کاتدا کتێبەکانی بە زمانەکانی یۆنانی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، چینی، تورکی، ڕووسی، پۆڵەندی، کۆری، ماندارین، ئیتاڵی، فەرەنسی، هەنگاری جۆرجایی، ئیسپانی و عەرەبی چاپکراون، وەک کەسایەتییەکی شانۆیی سەرکەوتوو کە لە پای کارە هونەرییە ئیلهامبەخشەکانی و لەهەمان کاتدا لەپای برەودانی بە پەیوەندییە کەلتووریەکان، ستایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێبڕاوە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی لۆرکا (ئیسپانیا، 1986)، خەڵاتی ستانیسلاڤسکی بۆ باشترین دەرهێنان (ڕووسیا، 1993)، خەڵاتی شانازیی شانۆی (تورکیا، 2006)، خەڵاتی باشترین دەرهێنان (فێستیڤاڵی نەتەوەکان، سیئۆل، 1994)، باشترین کۆمەڵەی نواندن (پەکین، 2011)، خەڵاتی شانۆی نێونەتەوەیی یوری لیوبیمۆڤ (2020)،ڕێڕۆشتنی سیبیو بۆ ئەستێرەی ناودار (سیبیو، ڕۆمانیا، 2024) و خەڵاتی گەورەی شانۆ لەلایەن کۆمەڵەی هێلینیکی ڕەخنەگرانی شانۆ و هونەرەکانی نمایش(یۆنان، 2024).