ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی تورکیا هاتە دەنگ

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی وڵاتەكەی لەو نائارامییەی لە تورکیا هەیە راگەیاند و گوتیشی، چاودێریی دۆخەکە دەکەن و نایانەوێت هیچ وڵاتێکی هاوپەیمانیان ناسەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت.
رۆبیۆ بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، چاودێریی بارودۆخی توركیا دەكەن، نیگەرانیی خۆیان راگەیاندووە و نایانەوێت ناسەقامگیری لەو شێوەیە لە هیچ وڵاتێكی هاوپەیمانیان ببینن.
رۆژی سێشەممەی رابردووش، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ هاكان فیدان، هاوتا توركییەكەی، نیگەرانیی واشنتنی لەبارەی خۆپیشاندانەكان و دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لە توركیا راگەیاند.
دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی گەندەڵی و "پاڵپشتیكردنی رێكخراوی تیرۆریستی"، كە گەورەترین ركابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیایە، خۆپیشاندانەكان لە سەرتاسەری توركیا دەستیانپێكرد و تاوەكو ئێستاش سەدان كەس دەستگیركراون.
خۆپیشاندەران حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) كە پارتی دەسەڵاتداری توركیایە بە دەستگیركردنی ركابەرەكانی بە تۆمەتی ناڕەوا تۆمەتبار دەكەن و داوای ئازادكردنی ئیمامئۆغڵو دەكەن.