میرکاتۆ.. نوێترین هەواڵ و زانیارییەکان

گەرچی میرکاتۆی هاوینە هێشتا ماوە، بەڵام یانەکان لە ئێستاوە پێشکۆتایی هاتنی وەرزەکە، هەوڵدەدەن گرێبەستەکان یەکلاییبکەنەوە و هەنگاو بنێن.
لە نوێترین هەواڵەکانیش، گواستنەوەی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاریی لیڤەرپووڵ زۆر کەمی ماوە و مانگی حەوتی ئەمساڵ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریاڵ مەدرید یاریزانەکە بە هاندەرانی دەناسێنیت.
بە گوێرەی پێگەی ترانسفەر مارکت، ئەلێکساندەر ئارنۆڵد گرانگترین بەرگریکاریی باڵی راستە لە جیهاندا، کە نرخی 75 ملیۆن یۆرۆیە.
هاوکات مارکاش رایگەیاند، کە لیڤەرپووڵ بەتەواوی بە رۆیشتنی ترێنت رازی بووە و بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت.
هەر تایبەت بە یانەی لیڤەرپووڵ، رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی رایگەیاند، کە بەراورد بە گفتوگۆیەکانی پێشوو، لیڤەرپووڵ ئۆفەری مانەوەی پێشکەش بە محەمەد سەڵاح کردووە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەم وەرزەش دەمێنێتەوە.
لە بۆندسلیگاش، بایرن میونشن، دەیەوێت بارت ڤێربروگنی هۆڵەندی و گۆڵپارێزی برایتۆن بگوازێتەوە، رۆژنامەی تێلیگراف راشیگەیاند، بایرن دەیەوێت ئەم گۆڵپارێزە لاوە کە تەمەنی تەنیا 22 ساڵە، بکاتە جیگرەوەی مانوێل نۆیەر.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاند، کە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ئامادەیە بە بڕە پارەیەکی زۆر، ئەستێرەیەکی بایەر لیڤەرکوزن بگوازێتەوە.
بیڵد راشیگەیاند، مان سیتی دەیەوێت فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی لیڤەرکوزن بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە و گفتوگۆیەکانیش لەو بارەیەوە دەستییان پێکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، جوڵس کوندێ بووەتە جیگەی سەرنجی یانە گەورەکان، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی ئەم بەرگریکارە لە گەڵ بەرشلۆنە پێشکەشی دەکات، ئۆفەری زیاتری پێشکەشکراوە.
سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکرد، کوندێی فەڕەنسی لەلایەن چێڵسی ئینگلیزییەوە داوا کراوە و دەیەوێت ئەم هاوینە بیگوازێتەوە، لەکاتێکدا لە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشلۆنە کۆتاییدێت.
هەر تایبەت بە بەرشلۆنە، یانەکە بە نیازە ئانسو فاتی لە میرکاتۆی ئەم هاوینە بفرۆشێت، سپۆرتی کەتەلەۆنی راشیگەیاند، هانسی فلیکی راهێنەر، لە تواناکانی فاتی رازی نییە و باشترە دەستبەرداریی ببن.