لە 30 ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی پلاستیک چوار هێندە زیادیکردووە

بەڵای پاشماوە پلاستیکییەکان بەرۆکی ژینگەی دەریا و زەریاکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی گرتووە و بووەتە مەترسی بۆ سەر خۆراک و ئاوی خاوێنی سەر زەوی.
ئەوەی زانا و شارەزایانی نیگەرانکردووە، پاشماوە پلاستیکییەکان لەناوناچن و دەبنە دەنکۆڵەی پلاستیکی بچووک و تێکەڵی هەناسە و ئاو و خۆراک دەبن و بەگوێرەی توێژینەوەکان دەچنە پێکهاتەی رووەکەکانیشەوە.
سارا زاک، پسپۆڕی ژینگەی دەریاچەکان دەڵێت، "مایکرۆ پلاستیک لە ئەنجامیی تێکشکانی پارچە پلاستیکێکی گەورەوە دروست دەبێت، گرفتی سەرەکیی ئەوەیە ئەو دەنکۆڵانە هەرگیز لەناوناچن، تەنیا بچووک و بچووکتر دەبنەوە و دەچنە ناو خاک، ئاو ، لەشی گیانەوەرەکان و ئێمەشەوە، مایکرۆ پلاستیکییەکان لە جەستەماندان، لە سییەکان و لە مێشکماندان، لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر کاریگەرییەکانی دەکرێت، نوێترین ئەگەر ئەوەیە ئەو دەنکۆڵانە بە ماددە کیمیایە ژەهراوییەکانەوە دەلکێن و تووشی جۆرەها نەخۆشیمان دەکەن".
ئەوەی ئێستا لەبارەی پلاستیکەکانەوە زیاتر تیشکی دەخرێتە سەر بەکارهێنانی پلاستیکە لە کێڵگەکاندا، بەجۆرێک پیشەسازیی کشتوکاڵ 3٪ـی بەکارهێنانەکانی پلاستیکی لە جیهاندا پێکهێناوە، لە کاتێکدا بەهۆی پاشماوە و دەفر و بوتڵی ئاو و خواردنەوەکانەوە جارێکی دیکە خاکی رووەکەکان بەم پاشماوانە پیس دەبن.
سارا زاک، پسپۆڕی ژینگەی دەریاچەکان گوتیشی، " ئەوە بووەتە کارێکی باو، نەمامە تازەکان لە پەڕۆ، یان ئینجانەی بچووکی پلاستیکدا دەچێنرێن و هەر بەو پارچەیەوە دەکرێنە نێو زەوی لەپێناو پاراستنی رووەکەکە، بەڵام ئەوە زیان بە خاکەکە و پێکهاتەی رووەکەکەش دەگەیەنێت و زیانەکەی دەگوازرێتەوە بۆ نێو جەستەی ئێمە، لە کۆتایدا ئەوە هەر پلاستیکە پاش چەند ساڵێک یان دەشکێت یان دەدڕێت، بەڵام هەر دەمێنێتەوە یان دەگوازرێتەوە بۆ نێو خاکێکی دیکە".
نیکۆلاس کایاندۆ ، جوتیارێکی پسپۆڕە لە بوارەکەیدا و بەباشی دەزانێت پلاستیکەکان چ زیانێک بە کێڵگە و نەمامگەکەی دەگەیەنێت هەر بۆیە بە نیگەرانییەوە رۆژانە پاشماوە پلاستیکییەکان کۆدەکاتەوە.
نیکۆلاس کایۆندۆ، پسپۆڕی دانەوێڵە و جوتیار دەشڵێت، "مایکرۆپلاستیک ئالانگارییەکی گەورەیە بۆ سەر زەوی، من لێرە لە هەموو جۆرەکانی دەبینم، ئەمەش بەهۆی کاری کارگەکانی لە قتونان و دەفر و بوتڵی ئاو و شەربەتە، بێگومان هەمیشە دەوترێت پلاستیک فڕێ مەدەن، بەڵام هەموو کەسێک پابەند نییە بەو داواکارییەوە، زۆر کەس هەر لە ئۆتۆمبێلەکانەوە فڕێی دەدەنە دەرەوە، کەسانێک هەن کۆی دەکەنەوە لە باخچەیەکدا دەیانسوتێنن و کاربۆنات دەردەدەن، کە بەجۆرێکی دیکە زیان بە رووەکەکان دەگەیەنێت".
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بەکارهێنانی پلاستیک لە 30 ساڵی رابردوودا چوار هێندە زیادی کردووە، پلاستیکەکان لە هەموو شوێنکدا هەن، کۆتاییەکەشیان نێو زبڵدانەکان نییە، چونکە یان ژینگە پیس دەکات، یان دەسوتێنرێن و تێکەڵ بەهەوا دەبن، کەمتر لە 10٪ـیشیان دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە.