لێدوانی ئەنچیلۆتی لەبارەی بەراوردی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریاڵ مەدرید، پێش یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و ریاڵ سۆسیداد کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە گرنگی یارییەکە کرد.
بڕیارە سبەی سێشەممە، کاتژمێر 22:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان، ریاڵ مەدرید لە میانی قۆناغی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ریاڵ سۆسیداد دەکات.
ئەمە یاریی گەڕانەوەیەوە و یەکێک لەم دوو یانەیە، چانسی ئەوەیان دەبێت بگەنە قۆناغی کۆتایی، براوەش رووبەڕووی براوەی نێوان ئەتلەتیکۆ مەدرید و بەرشلۆنە دەبێتەوە.
یاریی چوونیش بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرژەوەندی یانەی شاهانە کۆتایی هات، گەر بچێتە قۆناغی کۆتایی، یان کلاسیکۆ یان دێربی مەدرید روودەدات.
ئێمباپێ لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەتوانێت بگاتەوە ئاستی کریستیانۆ؟
ئەوەی کریستیانۆ لە ریاڵ مەدرید ئەنجامیداوە، ئێمباپێش دەتوانێت رۆژێک لە رۆژان ئەنجامی بدات، چونکە ئێمباپێ ئەو کوالیتییەی هەیە و لەم تەمەنەشدا ئاستێکی نایابی پێشکەشکردووە.
کارلۆ ئەنچیلۆتی
ئایا بەرشلۆنە لە ریاڵ مەدرید باشتر یاریدەکات؟
بەرشلۆنە، تۆپی پێیەکی جوان پێشکەش دەکات، ریاڵ مەدرید تۆپی پێیەکی جیاواز، زۆر جیاواز پێشکەش دەکات، بەڵام بە ئاستێکی بەرزتر و نایابتر، من ئەو تۆپی پێیەم خۆشدەوێت کە ریاڵ مەدرید پێشکەشی دەکات، بەهەمان شێوە شێوازی یاریکردنەکەی بەرشلۆنەشم بەدڵە و هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵ ئەوەدا
کارلۆ ئەنچیلۆتی
ستایشی بەرشلۆنە دەکەن و رەخنە لە ریاڵ مەدرید دەگرن، چی دەڵێی؟
زۆر ئاساییە ئەوە من بێزار ناکات، چونکە هەرکەسە و بیرکردنەوەیەکی جیاوازی هەیە، وەکو گووتیشم شێوازی یارییکردنی بەرشلۆنەم بەدڵە، بەڵام لەگەڵ ستایلی یانەکەی خۆم ئاسوودەترم.
کارلۆ ئەنچیلۆتی
چۆن خۆتان ئامادەکردووە بەرامبەر سۆسیداد؟
یارییەکەمان بەرامبەر سۆسیداد ئاسان نییە، بەڵام ئەوەی هانمان دەدات ئەوەیە کە بۆ سێ نازناوی جیاواز دەجەنگین، یاریزانەکانم تەواوی هەولی خۆیان دەدەن و ئاسوودەن لەرووی دەروونیەوە، دەمانەوێت سێ نازناوەکە بەدەستبهێنین، ئەوکاتیش هەستێکی نایاب دەبێت کە دەبمە یەکەم راهێنەر هەرسێ نازناوەکە ببمەوە لەگەڵ ریاڵ مەدرید.
کارلۆ ئەنچیلۆتی
