ترێندی بەرهەمهێنانی وێنەی گیبڵی بە ژیریی دەستکرد بووەتە جێگەی نیگەرانی

هەوادارانی ستودیۆی گیبڵی، کە ستودیۆیەکی بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشنی بەناوبانگی ژاپۆنییە، ماوەی چەند رۆژێکە بە وەشانێکی نوێی بەرهەمهێنەری وێنەی چات جی پی تی، دەستیانکردووە بە گۆڕینی وێنەی تایبەتی خۆیان، میم یان هەر وێنەیەکی دیکە، بەشێوازی ئەنیمەیشنی گیبڵیی هایۆ میازاکی و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی تەنیوە، ئەم ترێندە نوێیە لەلایەک بووەتە جێگەی دڵخۆشی بەکارهێنەران و لەلایەکی دیکەش نیگەرانی شارەزایان.
تەکنەلۆجیای پشت بەرهەمهێنانی وێنە بە شێوازی گیبڵی
لە سێشەممەی هەفتەی رابردوو، 25ـی ئازاری 2025، سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، نوێکردنەوەیەکی گەورەی بۆ تواناکانی بەرهەمهێنەری وێنەی چات جی پی تی راگەیاند، ئێستا چاتبۆتەکە زۆر زیرەکتر بووە، دەتوانێت بە تەنیا چەند وشەیەکی کەم لە مەبەستی بەکارهێنەرەکەی تێبگات.
بەرهەمهێنەری وێنەی 4o، ئەو تەکنەلۆجیایە کە لە پشتی ترێندی گیبڵییەوەیە، دەتوانێت لەگەڵ 10-20 داواکاری جیاوازدا مامەڵە بکات و لە وردەکارییەکان تێبگات، هەروەها دەتوانێت وێنەکانی بەکارهێنەر شی بکاتەوە و لێوەی فێرببێت، واتە تۆ دەتوانیت خۆت وێنەیەکی پێبدەیت و بڵەیت هاوشێوەی ئەم وێنەیەم بۆ دروستبکە، لە هەمانکاتیشدا چاتبۆتەکە دەتوانێت بە جۆر و ستایڵی جیاواز وێنە دروستبکات، نەوەکو تەنیا بە شێوازی گیبڵی.
بێگومان چاتبۆتەکە بەدوور نییە لە کێشە، لە جێبەجێکردنی بەشێک لە داواکارییەکان لەوانەیە وێنەکە بە تەواوی دروست نەکات یاخود چەند زمانێک پێکەوە تێکەڵبکات و زانیاری هەڵەش بداتە بەکارهێنەر.
نیگەرانییەکان لە زیادبووندان
ترێندی وێنەی شێوازی گیبڵی، بووەتە هۆی زیادکردنی نیگەرانییەکان لەبارەی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد، لەسەر ئەو بابەتانەی مافی لەبەرگرتنەوەیان هەیە.
چات جی پی تی کە ئێستا داوای یاسایی لە بارەی بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی بەرهەمی کەسانی دیکەوە لەسەرە، هانی بەکارهێنەرانی دەدات، وێنەی هاوشێوەی ستودیۆی گیبڵی دروستبکەن و سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، وێنەی پرۆفایلەکەی گۆڕیوە بۆ وێنەیەکی خۆی بە ستایلی ستودیۆی گیبڵی.
دوای ئەوەی بەکارهێنەرانی چات جی پی تی بە لێشاو دەستیانکرد بە بەرهەمهێنانی وێنە، سام ئەڵتمان، لە پلاتفۆرمی ئێکسەوە داوای لە بەکارهێنەران کرد، کەمێک هێواش بن لە بەرهەمهێنانی وێنە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو فشارە زۆرەی بەکارهێنەران لەسەر چاتبۆتەکە دروستیانکردووە، ئێستا سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی وێنە بە چاتبۆتەکە دانراوە، بۆ نموونە بەکارهێنەرانی بێ بەرامبەر، لە رۆژێکدا دەتوانن تەنیا سێ وێنە بەرهەمبهێنن.
تاوەکو ئێستا ستودیۆی گیبڵی لە ژاپۆن، هیچ کاردانەوە و وەڵامێکی بۆ ئەم کارەی چات جی پی تی نەبووە.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکانی بەکارهێنەران بە شێوازی گیبڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمێنتەکانی پێشووی میازاکی لەسەر ئەنیمەیشنی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، جارێکی دیکە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە لە ساڵی 2016 لە دۆکیمێنتارییەکدا کاتێک نموونەیەکی ژیریی دەستکرد پیشان دەدرێت دەڵێت، کارەکەی بەلاوە قێزەونە و هیوادەخوازێت هەرگیز ئەم تەکنەلۆجیایە تێکەڵ بە کارەکانی نەکات.