دیمەشق چاوی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستانە

test
بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان

کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان لە نزیک شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لە ژێر دەسەڵاتى بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە، حکومەتی نوێی سووریاش چاوی لەو کێڵگە نەوتییانەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانا ئابوورییەکەى، بۆ ئەوەش رێککەوتنى لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆکردووە.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و یەک ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ سووریا دابیندەکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و پێداویستییە سەرەکییەکان.

هاوکات کەمیی کەرەستە و پێداویستییەکان و هێرشەکانی تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانیان، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کەمکردووەتەوە.

جگە لە نەوت، بەگوێرەى رێککەوتنەکە سامانە کشتوکاڵییەکانیش بە یەکسانی بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی سووریادا دابەشدەکرێن.

کامەران عومەر، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتیی رمێلان رایگەیاند، "بەگوێرەی رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئیدارەی دیمەشق، رۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و یەک ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و پێداویستییە سەرەکییەکانی سووریا دابیندەکرێت".

کامەران عومەر راشیگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی هاوبەشانە دەکات، بۆ گەیاندنی نەوت و گاز بە پاڵاوگەکانی حومس و بانیاس، تاوەکو لەوێوە پاڵاوتنیان بۆ بکرێت، دواتر بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان، بەسەر پارێزگاکان و هاوڵاتییاندا دابەشبکرێت".

شیکارییەکان دەریدەخەن نزیکەی 85%ـی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستانەوە، پێشتر بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، سووریا نەوتی خاوی هەناردە دەکرد و لە بەرامبەردا نەوتی سپیی وەردەگرت.

کێڵگەکان بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی شەڕەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بەجۆرێک پێشتر رۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە تەواوی کێڵگەکانی سووریا بەرهەم دەهات، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا 120 هەزار بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەم دێت.

وەلید شاربووتلی، شۆفێری تانکەر و دانیشتووی حەما لەبارەی گواستنەوەی نەوت گوتی، "هەموو رۆژێک، ئێمە بە نزیکەی 100 بارهەڵگر، یان زیاتر نەوت لە رمێلانەوە دەگوازینەوە، بە قامیشلۆ، حەسەکە، رەققە و تەبقەدا تێدەپەڕین، پاشان بەردەوام دەبین بەرەو پاڵاوگەی حومس؛ سوپاس بۆ خوا رێگاکە سەلامەتە؛ هیوادارین بە هۆی ئەم گرێبەستەوە، خەڵک سوودمەندبن لە بەرهەمە نەوتییەکان و ئابووری وڵاتیش گەشە بکات".

پێشتر ئەو کێڵگە نەوتییە گرنگانە کەوتنە دەستی داعش، کە لە ساڵانی 2014 بۆ 2017 دەسەڵاتێکیان لەژێرناوی خەلافەتدا، لە ناوچەیەکى فراوانى سووریا و عێراق دامەزراند.

دوای ئەوەی دەسەڵاتی داعش لەناوچوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات کێڵگەکانی کۆنترۆڵکرد و سەربەخۆ و دوور لە چاوی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بەڕێوەی بردن.

loading....