ئەمریکا مۆڵەتی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی لە ڤەنزوێلا هەڵوەشاندەوە

ڤەنزوێلا رایگەیاند، واشنتن ئەو مۆڵەتانەی هەڵوەشاندووەتەوە، کە رێگەی بە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز دەدا لە وڵاتەکەدا کاربکەن، سەرەڕای بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکا.
دیلسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە: "پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گازدا پاراستووە، کە لە وڵاتەکەدا کاردەکەن، ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە ئاگادارکراونەتەوە، کە مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بەتەواوەتی ناوی کۆمپانیاکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام جگە لە شیڤرۆن، کۆمپانیاکانی 'ریسپۆڵی ئیسپانی' و 'مۆرێل ئەند پرۆمی فەڕەنسی' لەناو ئەو لیستەدان، کە دەبێت کارەکانیان رابگرن و کۆمپانیا فەڕەنسییەکە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ترەمپ هەوڵدەدات لەرووی ئابوورییەوە ڤەنزوێلا لاواز بکات، چونکە واشنتن و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە دان بە سەرکەوتنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵاتەکەدا نانێن و تۆمەتباری دەکەن بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەفتەی رابردووەوە ئەمریکا باجی 25%ـی بەسەر هەر وڵاتێکدا سەپاندووە، کە نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕێت و لە کۆتایی مانگی شوباتیشەوە فەرمانی بە کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی 'شیڤرۆن' کردووە، تاوەکو کارەکانی لە ڤەنزوێلا بوەستێنێت.