وەزارەتی نەوت: بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوک بۆ 420 هەزار بەرمیل بەرزدەکرێتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، وردەکاریی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای "بی پی"ـی بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکوک ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 420 هەزار بەرمیل بەرزدەکرێتەوە و %85ـی دەستی کاریش ناوخۆیی دەبێت.
باسم محەمەد، بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، "بەگوێرەى گرێبەستەکە کۆمپانیای بی پی، کار لەسەر پەرەپێدانی کێڵگەکانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبوور و خەباز دەکات".
گوتیشی، لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە، 308 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەن، بەڵام بەگوێرەى گرێبەستەکە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 420 هەزار بەرمیل بەرزدەکرێتەوە و بۆ ماوەی 25 ساڵ بەردەوام دەبێت، دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە گرێبەستەکە درێژ بکرێتەوە.
بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەى گرێبەستەکە، کۆمپانیای بی پی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵدا دەکات لە کەرکوک و بۆ ماوەی 16 ساڵ بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەک ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە دەگاتە 400 ملیۆن پێ سێجا و فراوانکردن و بنیادنانەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای گازی باکووریش لە خۆدەگرێت.
باسیلەوەشکرد، نزیکەی %85ـی دەستی کاری پرۆژەکە عێراقی دەبێت و رێژەی 15٪ـی دیکە لە شارەزایانی بیانی دەبن و دوای راهێنانکردن بە تیمی ناوخۆیی بۆ ئەو پۆستانە، ئەو رێژەیەش کەمتر دەبێتەوە.