کلدانی و ئاشوورییەکان ئاهەنگ بۆ جەژنی ئەکیتۆ دەگێڕن

جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی بابلی ئاشووری، دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە، لەم جەژنەدا وەکو نەریتێکی ساڵانە فێستیڤاڵ و چالاکیی جیاواز بەڕێوەدەچن.
ئەم جەژنە، لای کلدانییەکان جەژنێکی نەتەوەییە، مێژووەکەی بۆ 5300 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، جەژنەکە لە عێراق و باشووری کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوروپا و ئەمریکا لەلایەن کلدان و ئاشوورییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.

لە دیارترین سیماکانی ئەم جەژنە، رێپێوانێکی کورتە بە جلوبەرگی نەتەوەیی کە بە رێپێوانی بنەوشەیی ناسراوە، ئەم رێپێوانە لە سەردەمی پاشای بابل گرنگیی زۆری پێدراوە، لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە شاری دهۆک ئەنجامدەدرێت.
جەژنەکە ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت، جگە لە سەما و هەڵپەڕکێ، هاوشێوەی نەورۆزی کوردان، گەشت و سەیرانیشی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە کریستیانەکان ئەو جەژنەیان پیرۆز دەکەن.