چاندنی پارچەیەکی ئەلیکترۆنی توانای قسەکردنی بۆ خانمێک گەڕاندەوە

پاش ئەوەی خانمێکی ئەمریکی بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە توانای قسەکردنی لەدەستدا، تەکنەلۆجیایەکی نوێ ئەم توانایەی بۆ گەڕاندەوە.
ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە دەتوانێت بیرکردنەوەکان وەربگێڕێت بۆ دەنگ و قسەکردنی راستی.
ئامێرەکە لەسەر خانمێکی 47 ساڵ تاقیکرایەوە، خانمەکە پێش 18 ساڵ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە توانای قسەکردنی لەدەستدابوو.
پزیشکەکان پارچەیەکی ئەلیکترۆنییان لە مێشکی خانمەکەدا چاند، ئەم پارچە ئەلیکترۆنییە دەتوانێت ئەو شتانەی خانمەکە بیریان لێدەکاتەوە بگۆڕێت بۆ قسەکردن.
بە پێچەوانەی ئەو تەکنەلۆجیایانەی پێشتر تاقیکرابوونەوە، ئەم ئامێرە دەتوانێت بە خێراترین شێواز ئەم وەرگێڕانە بکات و گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی چەنێک دوادەکەوێت، ئەم وەرگێڕانەش هەر ئەوەندە دوادەکەوێت، واتە زۆر خێرایە.
ئامێرەکە بەم شێوازە کاردەکات:
توێژەران داوایان لە خانمەکە کرد بیر لە رستەیەک بکاتەوە کە دەیەوێت بیڵێت، پاشان هەستان بە پێوانەکردنی چالاکییەکانی مێشکی خانمەکە لەڕێگەی چەند ئەلیکترۆدێکەوە. هەروەها تۆمارێکی دەنگیی خانمەکە لە پێش تووشبوونی بە جەڵتە لە ئامێرەکەدا بەکارهێنرا، ئەمەش بۆئەوەی خانمەکە دووبارە دەنگی خۆی بەکاربهێنێت و گوێی لە خۆی بێتەوە. پاشان مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد لەسەر وەرگێڕانی چالاکییەکانی مێشک بۆ دەنگ راهێنرا.
بەمەش ئێستا خانمەکە دەتوانێت لە پاش 18 ساڵ قسەنەکردن، قسەبکات و گفتوگۆی ئاسایی هەبێت لەگەڵ خۆشەویستەکانیدا.
توێژەران دەڵێن ئەم دۆزینەوەیە توێژینەوەی دیکەی پێویستە، پێشبینیی دەکەین لەماوەی 10 ساڵدا ئامێرەکە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە بەردەست بێت.

