شانۆی رۆمانی چییە؟

test

لە ئاستی ناوەڕۆکدا، شانۆی رۆمانی دەرهاویشتەی شانۆی یۆنانییە، بەڵام لە ئاستی تەلارسازیی و بنیادی ئەندازەییدا گەورەترین جیاوازیی دروستدەکات و پێی دەناسرێتەوە.

رۆمانییەکان لە ساڵی 27ـی پێش زاین بۆ 395ـی زاینی حوکمڕانیی بەشێکی زۆری ئەوروپا و دەریای ناوەڕاستیان کردووە، خاوەنی یەکێک لە دیارترین سەکۆ هونەرییەکانی شانۆن لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، کە راستەوخۆ لە ئاستی ناوەڕۆکدا، لە دراما و تراجیدیای یۆنانییەوە وەرگیراوە، بەڵام بە تەلارسازییە جیاوازەکەی دەناسرێتەوە.

لە ناسینەوەی شانۆی رۆمانییدا، پێویستە بەراورد لەنێوان تەلارسازیی رۆمانی و یۆنانی بکرێت، بەچەشنێک؛ شانۆی یۆنانی، بازنەیەکی تەواونەکراوە و لە قەدپاڵی گردەکان بنیاددەنرێت، بینەرانی ئەم شانۆیە ژمارەیان کەمە و لە ئاستی روانینەوە دەتوانن ژینگەی دەرەوەی سەکۆی نمایش ببینن، لە بەرەیەکی دیکەدا، شانۆی رۆمانی، خاوەنی بناغەی سەربەخۆیە و بە بازنەیەکی داخراو تەواودەکرێت، بینەران لەم شانۆییەدا، دەرەوەی سەکۆکەیان لێ دیار نییە و توانای لەخۆگرتنی هەزاران کەسی هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی، شانۆی یۆنانی بە "Greek Theatre" و شانۆی رۆمانی بە "Amphitheatre" دەناسرێنەوە لەسەر بنەمای شێوەکەیان، گەورەترین جیاوازیی نێوانیشیان، ئەو چالاکییانە بوون کە لە خۆیان گرتووە.

شانۆی یۆنانی بەمەبەستی نمایشکردنی شانۆیی، گوتار و بەرهەمی موزیکی بەکارهاتووە، لە بەرەیەکی دیکەدا، شانۆی رۆمانی بۆ شەڕی گلادیەیتەر و جەنگاوەران بەکارهاتووە، هاوشانی راوکردنی ئاژەڵ و بەخشینی چێژ بە بینەران، زۆر بە کەمی، شانۆیی تیادا ئەنجامدراوە.

لە جیهاندا گەورەترین شانۆی رۆمانی، کە بە "Colosseum" دەناسرێتەوە، پێگەیەکی گەورەی کۆبوونەوەی خەڵکی رۆما و ئیمپراتۆر بووە، چێژیان لە کوشتار و کێبڕکێی نێوان جەنگاوەرەکان دیوە هاوتای راوکردنی ئاژەڵە دڕندەکان.

بەگوێرەی شێوە و ئەندازەی هەردوو شانۆی یۆنانی و رۆمانی، بە وردبوونەوە لە بنیادی تەلارسازیی و پێکهاتنیان، زۆرینەی ئەو شانۆییانەی ئێستا لە جیهاندا دروستدەکرێن و بە شانۆی رۆمانی دەناسرێن، لە ناوەڕۆکدا گوزارشتن لە شانۆی یۆنانی، بەڵام بە داخستن و تەواوکردنی سەکۆی نمایشەکە، ناسناوی رۆمانی وەردەگرێت و لە جیهاندا بووە بە یەکێک لە دیارترین کولتوورەکانی بنیادنانی سەکۆی شانۆیی.

loading....