بۆچی ئەمریکا دەیەوێت تیکتۆک قەدەغەبکات؟

لە ساڵی 2016 لە نێو گەرمەی رکابەریی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پلاتفۆرمێکی نوێ لەدایکبوو، تیکتۆک پلاتفۆرمێکی دیکەی ئاسایی نییە، تۆڕێکی زەبەلاحە کە مانگانە 1.12 ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە و یەکێکە لە گەشەندووترین تۆڕەکان.
پلاتفۆرمی تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەم شێوازەی کە ئێمە بەکاریدەهێنین لە چین کارناکات، بەڵکو کۆمپانیای بایتدانس ئەپێکی هاوشێوەی بە ناوی دۆوین بۆ هاوڵاتیانی چین دابینکردووە کە لەگەڵ یاساکانی چیندا خۆی گونجاندووە.
لە کۆی 1.12 ملیار بەکارهێنەری چالاکی مانگانە لە جیهاندا، 170 ملیۆنیان کە ئەم ئەپە بەکاردەهێنن، خەڵکی ئەمریکان، هەر یەکێکیان رۆژانە بە تێکڕا 53 خولەک لە بەکارهێنانی ئەپەکەدا بەسەردەبەن.
بۆچی ئەمریکا دەیەوێت تیکتۆک قەدەغەبکات؟
ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هەوڵی قەدەغەکردنی تیکتۆک دەدات، لە ساڵی 2020 بۆیەکەمجار ترەمپ هەوڵیدا ئەپەکە قەدەغەبکات و کارەکەی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئێستا هەڵوێستەکەی پێچەوانە کردووەتەوە کاتێک گەیشتە ئەو باوەڕەی کە قەدەغەکردنەکە یارمەتی فەیسبوک دەدات زیاتر گەورە ببێت کە بە بەرپرسیاری دەزانێت لە بەرامبەر دۆڕانەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 بەرامبەر بە بایدن.
هۆکاری سەرەکی هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی تیکتۆک بریتییە لە نیگەرانی مەترسییەکانی پلاتفۆرمەکە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا، بە تایبەتی لەوە نیگەرانە کە کۆمپانیاکە دەتوانێت داتاکانی لەگەڵ حکومەتی چین هاوبەشی پێبکات یان دەستێوەردان لە ئەلگۆریتمەکاندا بکات، بە شێوەیەک سوود بە چین بگەیەنێت، بەو پێیەی یاساکانی ئاسایشی نیشتمانی چین، داوا لە هەر کۆمپانیایەک یان رێکخراوێک دەکەن، هاوکاری هەوڵەکانی هەواڵگری نیشتمانی وڵاتەکە بکەن.
ئێستا ئەپەکە لەسەر هیچ ئامێرێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکا رێگەپێدراو نییە، وڵاتانی دیکەش لەوانە هیندستان لە ساڵی 2020ـەوە تیکتۆکی قەدەغەکردووە، لەکاتێکدا ئوسترالیا و کەنەدا بە هەمان شێوە تیکتۆکیان لەسەر ئامێرە حکومییەکان قەدەغەکردووە.
ترەمپ لە ساڵی 2020، خۆی پێشنیازی قەدەغەکردنی تیکتۆکی کرد، بەڵام ئێستا هەڵوێستی پێچەوانەبووەتەوە و وەکو رزگارکەرێکی ئەپەکە سەیردەکرێت، لە دوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ماوەی 75 رۆژی دیکەی بۆ مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا زیادکرد، کە رۆژی شەممە، 5ـی نیسانی 2025 ، کۆتا وادەی فرۆشتنی ئەپەکەیە بە کۆمپانیایەکی دیکە.
ترەمپ لە ساڵی رابردوو و کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، چووە ناو پلاتفۆرمەکە، ئێستا زیاتر لە 15 ملیۆن فۆڵەوەرسی هەیە، ئەو دەڵیت ئەپەکە هاوکاریکردووە تاوەکو دەنگی گەنجەکان بەدەستبهێنێت.