کارەبا و سامانە سروشتییەکان: خزمەتگوزاریى کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

وەزارەتەکانى کارەبا و سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنن، کۆمپانیای دانا غازپرۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر ئەنجامدەدات و چاوەڕواندەکرێت ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.
هەردوو وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی هاوینی ئەمساڵ، پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت کە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە دەستپێدەکات و سێ هەفتە دەخایەنێت.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هەریەک لە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای دانا غاز هەماهەنگی نزیکیان دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت.
وەزارەتەکانى کارەبا و سامانە سروشتییەکان راشیانگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت لە رێگەی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەوە ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.