قورئانەکەی گڵەزەردە کە مێژووی نووسینەوەی چوار سەدەی تێپەڕاندووە

قورئانەکەی گڵەزەردەکە لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دووھەمین ڤیستیڤاڵی ئایینی زانکۆی سلێمانیدا کە لە ٢٧ی ئادارى ئەمساڵ بەرێوەچوو، نمایشکرا، پێشبینی دەکرێت مێژووەکەی بۆ چوار سەدە بەر لە ئێستا بگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی بە تەواوەتیی مێژووی نووسینەوەی قورئانەکەی گڵەزەردە نازانرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ چوار سەدە بەر لە ئێستا و هەمووی بە خەتی سولس (ثلث) نووسراوەتەوە.
قەبارەی قورئانەکە ٤٠ x ٢٤ سم و ئەستووری نۆ سم، بۆ هەموو لاپەڕەیەک 12 دێڕی گەورە و جوان بە خەتی (محقیق) و (ثلث) زۆر بە جوانی و کارامەیی بە مرەکەبی ڕەش نوسراوەتەوە.
بۆ کۆتایی سورەت و سەرەتای سورەتێکی دیکە ڕەنگی سوور بەکارهاتووە، لە سەرەتای سورەتەکەوە هەتا کۆتایی ئایەتێک بازنەیەکی سوور و خاڵێکی ڕەش لە ناویدا دانراوە، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی ئایەتەکانە لەیەکتری.
ئەم قورئانە دەستنووسە دێرینە کە لەناو خەڵکیدا بە قورئانە گەورەکەی گڵەزەردە ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا نوێکردنەوە و جوزئەبەند کراوە و بەرگی تێگیراوە و هەندێک لە لاپەڕەکانی کاغەزی بە کەتیرە پێوەنراوە.
لە لاپەڕەیەکی قورئانەکەدا نوسراوە؛ ئەمە نوسینەوەی (دایە خاسێ-یە، کە دایکی شێخ حەسەنی گڵەزەردەیە، زانای ئایینی و ئەستێرەناسی کورد و یەکێکە لە شێخانی تەریقەتی قادری و ساداتی بەرزەنجە) و گوتوویەتی: "ئەگەر کەموکورتیەک لە نوسینەوەکەیدا هەبوو، لێم ببورن، چونکە دەستێکم بە لانکی شێخ حەسەنەوە بووە و، دەستەکەی دیکەم بە نوسینەوە بووە".

سەبارەت بە مێژوو و تایبەتمەندییەکانی دەستنووسی قورئانە دێرینەکەی گڵەزەردە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. عەدنان هەورامانۍ، مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە: "ئەم قورئانە یەکێکە لە قورئانە دەگمەن و ناوازەکانی کوردەواری، بەتایبەت شاری سلێمانی. هەتا لە کوردەواری خۆماندا کە سوێندخوراوە بە قورئانەکەی گڵەزەردە، ئەم قورئانەیە. ئەم قورئانە نزیکەی ساڵی ٢٠١٥ چوار ملیۆن دینارێکی تێچوو بۆ نۆژەنکردنەوەی لە بنکەی ژین، ئەم قورئانە مێژوو و بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار سەدە پێش ئێستا، مۆر و خەتمی شێخ حەسەنی گڵەزەردەی لەسەرە بەڕەحمەت بێت. ئەم قورئانە ئێستا لە گڵەزەردە پارێزراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قورئانە ئەوەیە هەمووی بە خەتی سولس (ثلث) نووسراوەتەوە، بەشێوازێکی گشتیی قورئان بە خەتی نوسخ دەنووسرێتەوە، چونکە ئاسانترە. خەتی سولس تەنیا بۆ لەوحات، کڵێشەیەک و لاپەڕەیەک هەتا دوو لاپەڕە بەکاردێت، بەڵام هەموو قورئان بە خەتی سولس بنووسرێتەوە زۆر قورسە، ئەم قورئانە یەکێکە لەو قورئانانەی کە هەر هەمووی بە خەتی سولس نووسراوەتەوە".
د. عەدنان باسی لەوە کرد کە نووسخەی ئەم قورئانە براوەتە ئەزهەر و خەڵاتی وەرگرتووە، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لێرەوە نووسخە براوەتە ئەزهەر و لەوێ خەڵاتی وەرگرتووە. تیایەتی لە دەستی کەوتووەتە خوارەوە لەگەڵ لافاودا براوە، قورئانەکە ئێستا ماوە نووسینەکەی تێکنەچووە، بەڵام لاپەڕەکانی دیارە ئەو شوێنەی کە کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە و ماوەتەوە. ئێمەومانان دارای ئەم سەروەتە ئاڵتوونیەیەن کە بە پارە و بە سەروەت مەزەندە ناکرێت".
قورئاناکە لە سندوقێکی شووشەییدا پارێزراوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەو کتێبانەی کۆنن لاپەڕەکانیان مۆرانەی لێیداون شیاو نین بۆ دەستلێدان لەبەر هەڵوەرین پەڕەکانیان و، ترس لە توشبوون بە بەڵەکی و هەستیاری پێست. هەر بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لەو بەرهەمە دەستنووسانەی لە پێشانگاکەدا نمایش کرابوون وێنەیەکیان دانرابوو لە بری نووسخە ئەسڵییەکەی.