کۆمپانیای دانەغاز: 75٪ـی کارەباى هەرێمی کوردستان دابیندەکەین

کۆمپانیای دانەغاز و کرێسێنت پێترۆڵیۆم رایدەگەیەنن، قەبارەى بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا، تێکڕاى بەرهەمى نەوتیش گەیشتووەتە 500 ملیۆن بەرمیل لەساڵى 2008ـەوە، دەشڵێن كە لەرێگەى زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر، 75% بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دابیندەکەن.
ئەو دوو کۆمپانیایە لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، تاوەکو ئێستا 3.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکەدا کردووە و بەهۆیەوە 20 هەزار هەلیکارى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دابینکردووە، کە 80%یان کارمەندی ناوخۆن.
کۆمپانیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیتیان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرزکردووتەوە بۆ 15 هەزار و 200 بەرمیل لە رۆژێکدا و هەزار و 70 تۆن گازی شلی "ئێڵ پی جی" لە رۆژێکدا بەرهەمدەهێنن.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە سەرەتای مانگی سێی ئەم ساڵەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتە 525 ملیۆن پێ سێجا، ئەوەش گەشەکردنە بەڕێژەى 75% لەساڵى 2017ـەوە.
هەردوو کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە دەکەنەوە، بە پەرەپێدانى کێڵگەی کۆرمۆر 250، چاوەڕێ دەکەن ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە و پێشبینی دەکەن، ساڵی 2026 ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بگاتە 71 ملیۆن پێ سێجا، بۆ ئەو مەبەستەش بە بەهای 160 ملیۆن دۆلار کۆگا و پرۆژەی ژێرخان بۆ کێڵگەکە دروستدەکەن.