مەکسیک یەکەم حاڵەتی تووشبوونی مرۆڤی بە ئەنفلۆنزای باڵندە راگەیاند

کەناڵ8- سلێمانی
وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوونی مرۆڤ ئەنفلۆنزای باڵندە رادەگەیەنێت و دەڵێت تووشبووەکە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک، کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە و دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچونی بۆ کردووە، تووشبووەکە منداڵێکی کچی تەمەن سێ ساڵ و نیوە و لە پارێزگای دورانگۆ دەژی و لەبارێکی تەندروستیی ناهەمواردا لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "تاوەکو ئێستاش بەڵگەمان نیە کە ڤایرۆسەکە بەردەوام لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ بگوێزرێتەوە" و دەڵێت رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێیوایە تاوەکو ئێستاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە فراوانی لەناو خەڵکدا ئەگەرێکی لاوازە.
ئەو پارێزگایەی حاڵەتەکە تێیدا روویداوە، ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و بە مەڵبەندی بەرهەمهێنانی گۆشتی مانگا ناسراوە لە وڵاتەکەدا.
لە ساڵی 2020ـەوە جۆرێکی توندی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لەناو ئاژەڵاندا بڵاوبووەتەوە و چەندین شەپۆلی کوشندەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا لێکەوتووەتەوە و بڵاوبوونەوەی ناوبەناویشی لەناو هەندێک ئاژەڵدا لێ تۆمارکراوە، بە تایبەت لە ئاژەڵی ئەلپاکا و پشیلەی ماڵیدا. ساڵی رابردووش بۆ یەکەمجار لەناو مانگادا حاڵەتی تووشبوونی لێ تۆمارکرا.