150 کۆمپانیا ئامادەن وەبەرهێنان لە وزەى نوێبووەوە لە عێراقدا بکەن

سەرۆکى تیمی نیشتمانیی پرۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە عێراق رایگەیاند، 150 کۆمپانیا ئامادەن وەبەرهێنان لە وزەى نوێبووەوە لە عێراقدا بکەن، هاوکات حکومەتى عێراقیش زەوى کشتوکاڵى بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی وزەى نوێبووەوە دابینکردووە.
نەسیر کەریم، سەرۆکی تیمی نیشتمانیی پرۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە عێراق راشگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی پاڵپشتییەکی گەورەی پرۆژەکانی وزەی نوێبووەوە دەکات و جەخت لەکەمکردنەوەی قورسایی سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکەیان کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە و پرۆژەی گەورەی بەرهەمھێنانی وزەی نوێبووەوە دروستبکرێت و هاوڵاتییان سوودی لێوەربگرن و بەوەش هیچ ئەرک و خەرجییەک ناکەوێتە ئەستۆی حکومەت.
راشیگەیاندووە، هاوینی داهاتوو لە سەرانسەری عێراق دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە و لەم بوارەشدا حکومەتى عێراق زەوی کشتوکاڵی بۆ ئەو پرۆژانە دابینکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئامانج مەحمود هەرکى ئەندامى لیژنەى کارەبا و وزە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێشتر بە کەناڵ8ـى راگەیاندبوو، "عێراق بڕى یەک تریلیۆن دینارى ئامادەکردووە بۆ وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێبووەوە ".
عێراق لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 17 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام پێداویستییەکانى بۆ کارەبا دەگاتە زیاتر لە 35 هەزار مێگاوات کارەبا.