رۆژی جیهانیی تەندروستیی ئەمساڵ تیشکدەخاتە سەر پاراستنی ژیان و تەندروستیی ژنانی دووگیان و منداڵانی تازەبوو

کەناڵ8- سلێمانی
رۆژی حەوتی نیسانی هەموو ساڵێک کە ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە، لەلایەن ئەو رێکخراوەوە وەکو رۆژی جیهانیی تەندروستی دیاریکراوە و زۆربەی وڵاتان پابەندن بە گرنگیدان بەم رۆژە.
رێکخراە جیهانییەکە هەر ساڵە و دروشمێکی بۆ ئەم رۆژە هەیە و کاری لەسەر دەکات، ئەمساڵ ئەم دروشمەی بۆ دیاریکردووە : دەستپێکێکی تەندروستانە، ئاییندەیەکی پڕ هیوا. کە مەبەستی هەم دەستپێکی تەندروستانەی دووگیانی و سەرەنجام دووگیانییەکی پڕ هیوا لە کۆتاییدا، هەم دەستپێکێکی تەندروستانەی ژیانی کۆرپە و سەرەنجام ئاییندەیەکی پڕ هیوا بۆ منداڵ.
دووگیانی ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە ژیانی خانماندا و ئەگەر یارمەتی نەدرێت بە تەندروستانە تێیپەڕێنێت، ئەوە ژیانی خۆی و کۆرپەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت ساڵانە 300 هەزار ژن بەهۆی دووگیانی و لێکەوتەکانییەوە دەمرن، دوو ملیۆن منداڵیش لە یەکەم مانگی تەمەنیاندا دەمرن و دوو ملیۆنی دیکەش بە ناکامی لەدایکدەبن. رێکخراوە جیهانییەکە دەڵێت ئەگەر بکەوینەخۆ و پلانی تەندروستانەمان هەبێت، ئەوە دەتوانین رێگە لە زۆرینەی رەهای ئەم هەموو مردنە بگرین!
وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانیان داناوە تاوەکوو ساڵی 2030 رێگە لە زۆرینەی گرفتەکانی دایکان و مندالان بگیرێت، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت تەنیا 20٪ی وڵاتان پابەندن بە بەندەکانی تایبەت بە پاراستنی تەندروستیی دایکان لە ساڵی 2030 و سێیەکی وڵاتان ناتوانن بگەنە پلانەکانی پاراستنی منداڵانی تازەبوو لەو ساڵەدا.
تەندروستیی جیهانی ئەمساڵ ئامانجیەتی وڵاتان، کۆمەڵگەکان و سیستمەکانی تەندروستی بخاتە سەر سکەی جێبەجێکردنی پلانە جیهانییەکان بۆ پاراستنی تەندروستی دایکان و منداڵان.