کۆمپانیای جاگوار لاندرۆڤەر هەناردەی بۆ ئەمريکا راگرت

وەک وەڵامدانەوەيەک بۆ بڕيارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا بە سەپاندنی %25ـی باج بەسەر ئۆتۆمبێلی هاوردەکراودا، کۆمپانيای جاگوار لاندرۆڤەری بەريتانی، هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلەکانی بۆ ئەمريکا راگرت.
کۆمپانيای جاگوار لاندرۆڤەر، کە يەکێکە لە کۆمپانيا گەورەکانی بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە بەريتانيا رايگەياندووە، بڕیارەکە لەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمپانياکە لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە، "ئەمریکا بازاڕێکی گرنگە بۆ براندە گرانبەهاکانی جاگوار لاندرۆڤەر، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی مەرجە نوێیەکانی بازرگانی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی دەرەوە، هەندێک رێوشوێنی کورتخایەن دەگرینەبەر لەوانە وەستانی هەناردە لە مانگی نیساندا".
لەگەڵ ئەوەی پێشبینیدەکرێت، پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی بەریتانی بەهۆی ئەو باجە نوێیانەوە زیانێکی زۆری بەربکەوێت، هاوکات دووچاری گرفتی کەمبوونەوەی خواستیش بووەتەوە لە ناوخۆدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی بەرهەمهێنەران و بازرگانانی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا، ساڵی رابردوو دروستکردنى ئۆتۆمبێل بەرێژەی 13.9% دابەزیوە و گەیشتووەتە 779 هەزار و 584 ئۆتۆمبێل، کە زیاتر لە 77%يان بۆ دەرەوە هەناردەکراون.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەريتانياش، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی بەریتانی لەماوەی 12 مانگدا تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، بە بەهای 10.7ملیار دۆلار ئۆتۆمبێلیان بۆ ئەمریکا هەناردەکردووە، ئەمەش وایکردووە ئەو کاڵايە ببێتە گەورەترین کاڵای هەناردەکراوی بەريتانيا بۆ ئەمريکا.