دووگیانیی هێشوویی چییە؟

گران جاف 12/04/2025
test
د. کەژان کاوە تەها، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون. فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

دووگیانیی هێشوویی ئاڵۆزییەکی دەگمەنی دووگیانییە و تیایدا لە جیاتی گەشەکردنی کۆرپەلەیەکی تەندروست، شانەی نائاسایی لەناو منداڵداندا گەشەدەکات.

دووگیانیی هێشوویی چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە:

دووگیانیی هێشوویی تەواو: لەم جۆرەدا هیچ کۆرپەلەیەک گەشە ناکات، تەنیا هێلکەیەکی بەتاڵ پیتێنراوە و شانە نائاساییەکانی منداڵدانیش گەشەیان کردووە.

دووگیانیی هێشوویی بەشەکی: لەم جۆرەیاندا رەنگە کۆرپەلەیەکی نائاسایی گەشە بکات، بەڵام ناتوانێت بژی. لەم دووگیانییەدا دوو سپێرم یەک هێلکە دەپیتێنن.

ئەم جۆرە دووگیانییە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟

  • سۆنار
  • پشکنینی خوێن (تێیدا ئاستی هۆرمۆنی دووگیانی ئێچ سی جی زۆر بەرزە)
  • وەرگرتنی نموونە لە شانەکە: پاش لەناوبردنی دووگیانییەکە، وەرگرتنی نموونە لە شانە نائاساییەکەی ناو منداڵدان، دەستنیشانکردنەوە پشتڕاستەدەکاتەوە

چۆن چارەسەردەکرێت؟

پێویستە سەرەتا لەڕێگەی کورتاجەوە شانەکە لاببرێت، پاشان بۆ ماوەی چەند مانگێک چاودێریی هۆرمۆنی دووگیانی واتە هۆرمۆنی ئێچ سی جی بکرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لە نەمانی شانە نائاساییەکان، هەروەها نابێت بۆ ماوەی شەش بۆ 12 مانگ، خانمەکە دووگیانببێتەوە.

د. کەژان کاوە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون

12/04/2025