لە رۆژی جیهانیی تەندروستیدا؛ سلێمانی لە چەندین بواری کەرتی تەندروستیدا پێشەنگی کوردستان و عێراقە

حەوتی نیسانی هەموو ساڵێک وەکو رۆژی جیهانیی تەندروستی دیاریکراوە و هەر ساڵە و دروشمێکی هەیە، دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدەر لە دروشمە جیهانییەکە، تیشکدەخاتە چەند بوار و لایەنێک کە تێیاندا سلێمانی لە کەرتی تەندروستیدا پێشەنگی کوردستان و عێراقە.
بەدەر لە کوالێتیی باشتری ناوەندە تەندروستییەکان بە گشتی، لەم پێنج بوارەدا سلێمانی پێشەنگیی بەدەستهێناوە لە کەرتی تەندروستیی کوردستان و عێراق
سلێمانی پێشەنگی کوردستان و عێراقە لە چاندنی مۆخدا
چاندنی مۆخ چارەسەری هەرە کاریگەر و زۆربەی کات چاکبوونەوەی کۆتاییە لە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار؛ وەکوو تالاسیمیا، چەندین جۆری شێرپەنجەی خوێن و بەشێک لە نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن. دوو جۆری سەرەکی هەیە، یەکێکیان خانە لە خودی کەسەکە وەردەگیرێت بۆ چاندنەوەی، ئەمەیان ئاڵۆزکاریی کەمترە، جۆری دووەم خانە لە کەسێکی دیکەوە وەردەگیرێت و بۆ نەخۆشەکە دەچێنرێت، ئەمەیان ئاڵۆزترە و پێویستی بە پسپۆڕی و ئەزموون و دەرمانی بەهێزترە.
جاران ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەم چارەسەرە بوو، لە دەرەوەی وڵات بۆیان ئەنجامدەدرا و تێچووی چارەسەری هەریەکەیان سەرووی 50 هەزار دۆلار بوو، پاش ئەوەی لە سلێمانی دەست بەم پرۆسەیە کرا، چارەسەرەکە بێ بەرامبەر ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە، ئەویش لە نەخۆشخانەی شەهید شاسواری گەرمیان تایبەت بە چاندنی مۆخ.
د. داستان عوسمان بەڕێوەبەر و یەکێک لە پزیشکە پسپۆڕەکانی نەخۆشخانەکە بە کەناڵ8ی گوت کە نەخۆشخانەکە کاتێک لە 2016 دەستی بە کارەکانی کرد، یەکەم بوو لەسەر ئاستی عێراق، ئێستاش لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لە ئەزموون و جیاوازیی رێگاکانی چارەسەر و ژمارەی پرۆسە ئەنجامدراوەکاندا، لە عێراق تەنیا دوو نەخۆشخانەی دیکە بەم دواییانە دامەزراون، یەکێکیان لە بەغدادە کە بەشێوەیەکی سنوردار کاردەکات و ئەو پرۆسە ئاڵۆزانەی سلێمانی ئەنجامیان دەدات لەوێ زۆر بە دەگمەن دەکرێن یان ناکرێن، لە موسڵیش نەخۆشخانەیەک هەیە کە یەک تاوەکو دوو نەخۆشیان چارەسەرکردووە کە حاڵەتە ئاڵۆزەکان نەبوون.
وەکوو د. داستان دەڵێت نەخۆشخانەکەی سلێمانی 400 حاڵەتی ئەنجامداوە، کە هەردوو جۆرەکەی چاندنی مۆخیان تێدایە. ئەگەر وەکوو پێویست پێداویستی و دەرمانیان بۆ دابین بکرێت، ئەوە ژمارەی سوودمەندبووان لەم چارەسەرە گرنگە زۆر زیاتر دەکرێن.
سەبارەت بە کێشەکانی نەخۆشخانەکە، د، داستان عوسمان بە کەناڵ8ی گوت کە کێشەکان زیاتر لۆجستین، لە شێوەی نەمانی ناو بە ناوی دەرمانی کیمیایی و کەرەستەکانی هەڵگرتن و پاراستنی پێکهاتەکانی خوێن، کە ئەگەر بە باشی دابین بکرێن، ئەوە نەخۆشخانەکە لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی پسپۆڕ و لایەنی تەکنیکییەوە ئامادەیی تێدایە بێ دابڕان کارەکانی بکات. هەندێکجار بەهۆی کێشەی لۆجستییەوە بۆ ماوەیەک پرۆسەی چاندنی مۆخ بە ناچاری راگیراوە و کە پێداویستییەکان گەیشتوون، دووبارە دەست بە چاندنی مۆخ کراوەتەوە.
سلێمانی پێشەنگی عێراقە لە چارەسەری جەڵتەی مێشک
د. زانا عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری سەنتەری تایبەت بە چارەسەری کتوپڕی جەڵتەی مێشک (Stroke Unit) لە سلێمانی بە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ی گوت کە سەنتەرەکە لە ماوەی دامەزراندنیدا زیاتر لە 350 حاڵەتی جەڵتەی مێشکی چارەسەر کردووە و رێژەی سەرکەوتنی چارەسەرەکان لە ئاست ستانداردی جیهانیدایە.
ئەم بەشە لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان نییە و لە عێراقیش تەنیا لە بەغداد هەیە کە کواڵیتیی خزمەتەکانی لە ئاستی سلێمانیدا نییە، بۆیە سەنتەرەکەی سلێمانی ساڵی رابردوو وەکوو باشترینی هەموو عێراق خەڵاتکرا.
سترۆک یونت بەشێکی چارەنوسسازە و راستەوخۆ پەیوەندیی هەیە بە ژیان و سەلامەتی ئەو کەسانەی جەڵتەی مێشک لێیان دەدات.
سلێمانی پێشەنگی عێراقە لە چارەسەری لەتبوونی لێو و مەڵاشوو (کەروێشکەلێو)
سلێمانی پێشەنگی عێراقە لەوەی لە کەرتی حکومیدا و بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵ چارەسەر و جوانکاری بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت کە لەتبوونی لێو و مەڵاشوو (کەروێشکەلێو)یان هەیە و بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی نەشتەرگەرییەکە بۆیان دەکرێت بێبەرامبەر. یەکێک لە هاندەران و هاوکارانی ئەم پێشکەوتنە، پرۆفیسۆرێکی بەریتانییە کە لە یەکەمەکانی جیهانە لەم نەشتەرگەرییەدا و چەندین جار هاتووەتە کوردستان بۆ راهێنانی پزیشکان و زیاترکردنی ئەگەری سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکان. بۆیە سەنتەرە تاقانەکەی کوردستان، کە لە سلێمانییە، بەناوی ئەم پرۆفیسۆرە ناونراوە و دێسکی کەناڵ8 وەکو یەکەم مێدیای کوردی گفتوگۆی لەهەڵ ئەنجامداوە.
د. سۆمەرلاد، یەکێکە لە پزیشکە پێشەنگەکانی چارەسەری سووتاوی و نەشتەرگەریی چارەسەرکردنی ناڕێکییە زگماکییەکانی مەڵاشوو.
د. سۆمەرلاد بە کەناڵ8ـی گووت ئاستی سلێمانی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە زگماکییەکانی لێو و مەڵاشوودا جیهانییە و سەنتەری هاوشێوە کەمە لە جیهاندا.
سلێمانی لە چاودێریی وردی منداڵان لە کەرتی حکومیدا باشترینی هەرێمی کوردستان و عێراقە
چاودێریی ورد (عنایە مرکزە) لە گرنگترین بەشەکانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە، هەم پەیوەندیی راستەوخۆی بە رزگارکردنی ژیانی نەخۆشانەوە هەیە، هەم لە کەرتی تایبەتدا تێچوویەکی زۆری هەیە.
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە کەناڵ8ی گوت "یەکەی چاودێریی وردەکەمان لە 20 بێد پێکهاتووە، 20 ئامێری هەناسەدانی دەستکردی تێدایە، 20 سیپاپی تێدایە، ئیکۆی دڵی تێدایە، سۆنەری تێدایە، ئامێری گەڕۆکی تیشکی تێدایە، نزیکەی 30 جێگای ئۆکسیجینی تێدایە بۆ ئەوەی لە حاڵەتە لەناکاوەکان ژمارەی بێدەکان زیادبکەین، بێدەکان هەموو کواڵیتیی بەرز و کارەبایین و لە ئەوروپاوە هێنراون، پزیشکی پسپۆڕیی وردی چاودێریی منداڵانمان هەیە".
د. پشدەر دەڵێت لە شارەکانی بەغداد و دهۆکیش چاودێریی وردی منداڵان هەن، بەڵام توانا و کواڵیتییان هاوتای سلێمانی نییە.
پسپۆڕەکە دەڵێت جاران کە منداڵانان پێویستیان بە چاودێریی ورد هەبوایە، دەبوو بچوونایەتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، چونکە ژمارەی بێدەکان لە نەخۆشخانەی شار کەمبوون، ئەوەش تێچوویەکی زۆری دەبوو لەسەر دایکوباوکان.
ئەلیکترۆنیکردنی پێداویستیی دەرمان
ئەمساڵ سلێمانی پرۆسەی پێداویستی و داواکاریی دەرمانی بە ئەلیکترۆنی کرد، ئەمەش هەم بەهەدەردانی دەرمان کەمدەکاتەوە، هەم ئەگەری بەردەستبوونی دەرمان لە هەموو ناوەندە تەندروستییەکان زیاتردەکات و رۆتینی ناپێویستی کارگیڕی کەمدەکاتەوە لەکاتی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دەرمانی هەر ناوەندێکی تەندروستی لە سنووری سلێمانی. کە ئەمەش ئەزموونێکی نوێیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق. د. سەباح هەورامی،بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ی گوت کە پاش سلێمانی ئێستا هەولێر و بەغدادیش نوسراویان کردووە و دەیانەوێت هەمان ئەزموونی سلێمانی دووبارە بکەنەوە و دەستپێبکەن.