دۆزینەوەیەکی نوێ ئاڵنگاریی بۆ کۆنترین ئەلفبێی مێژووی مرۆڤایەتیی دروستدەکات

تاوەکو ئێستا، باوەڕ وایە، یەکەم ئەلفبێ لە مێژوودا، لەسەر دەستی کەنعانییەکانی میسر لە سینا داهێنراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، ئاڵنگاریی بۆ ئەم راستییە دروستکردووە.

لە ناوچەی ئوم ئەل مەرا لە باکووری سووریا، چوار پەپکەی قوڕین دۆزراونەتەوە، کە لەسەریان هەڵکۆڵراوی نووسین هەن و مێژووەکەیان کۆنترە لەو پارچانەی لە ناوچەی سینای وڵاتی میسر دۆزراونەتەوە، کە بە کۆنترین ئەلفبێی مێژووی مرۆڤایەتیی هەژماردەکرێن.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن زانکۆی جۆن هۆپکینسی ئەمریکا بەردەوامە، ئاماژە بەوە دراوە؛ کۆنترین ئەلفبێی مێژووی مرۆڤایەتی، 500 ساڵ پێش ئەو رێکەوتە کەوتووە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کراوە.

جەخت لەوەش کراوەتەوە؛ پەپکە قوڕینەکان مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و 400 ساڵ پێش زاین لە باکووری سووریا، نووسراوەکانیان گوزارشتن لە ئەلفبێی زمانەوانیی و بەڵگەی بەرجەستە دەبن بۆ دووبارە نوێکردنەوەی مێژووی ئەلفبێی شێوازەکانی نووسینەوە لەلایەن مرۆڤایەتییەوە.