چیرۆکی یەکەم باخچەی ئاژەڵان و چەند راستییەک

بۆ ماوەی هەزاران ساڵە مرۆڤەکان بەمەبەستی جیاواز ئاژەڵەکان بەخێودەکەن و لەچوارچێوەی پارکەکاندا جێگیریان کردوون.
کۆنترین چیرۆکی دامەزراندنی یەکەم باخچەی ئاژەڵان لە مێژوودا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میسرییە دێرینەکان، بەنزیکەی لە سێ هەزار و 500 ساڵ پێش زاین، لە شوێنەواری هێراکۆنۆپۆلیس، پاشماوەی ئاژەڵە دەگمەنەکان دۆزراونەتەوە، کە لە چوارچێوەی باخچەیەکی دیاریکراودا کۆکراونەتەوە بەمەبەستی چێژی شاهانەیی یاخود رێوڕەسمی ئاینی.

یەکەم باخچەی ئاژەڵانی هاوچەرخ، کە زیاتر بۆ مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و بەخشینی چێژ بە سەردانیکەران دروستکراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی 18 لە نەمسا، کە وەکو باخچەیەکی شاهانەیی دامەزراوە و ساڵی 1752 لەسەر دەستی ئیمپراتۆر فرانسیسی یەکەم کراوە بە یەکێک لە دیارترین شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا، ئەم باخچەیە بەردەوامە لە خزمەتکردن.

ئێستا لە ئاستی جیهانییدا، زیاتر لە 10 هەزار باخچەی ئاژەڵان هەن، گەرچی سەرنجەکان لەسەر شێوازی بەخێوکردنی ئەم ئاژەڵانە جیاوازییان هەیە و بەشێک لە چالاکوانان بە پێشێلکردنی مافی ئاژەڵان هەژماری دەکەن، بەڵام زۆرینەیان باشترین خزمەتگوزاریی بۆ ئاژەڵەکان پێشکەش دەکەن.

لە جیهانی باخچەی ئاژەڵاندا، پاندا دەگمەنترین ئاژەڵە و خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی چین، هەر پارکێک لە جیهاندا هەوڵی نمایشکردنی بدات، پێویستە ساڵانە بڕی یەک ملیۆن دۆلار وەکو کرێ بە چین بدات.

وێڕای نمایشکردنی ئاژەڵەکان، ئەم پارکانە رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی ژیانی ئەوانەی کە دەگمەنن و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر، هاوتای بەخێوکردنی ئەوانەش کە ناتوانن لە ژیانی کێویدا و بەشێوەیەکی سروشتی خۆیان بژێنن.

بەشێکی زۆر لە باخچە بەناوبانگەکانی جیهان، گرنگییەکی زۆر بە لایەنی دەروونیی ئاژەڵەکانیان دەدەن و لە بۆنە و رێوڕەسمەکاندا چالاکیی جیاوازیان بۆ رێکدەخەن.