چین: تاوەکو کۆتایی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا دەکەین

چین بەڵێن دەدات تاوەکو کۆتایی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا بکات لە دژی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ زیادکردنی رێژەی باج لە 34٪وە بۆ 50٪، ئەمەش شەڕی بازرگانیی فراوانتر دەکات، کە لە چەند رۆژیی رابردوودا زیانی تریلیۆنان دۆلاری بە بازاڕە داراییەکان گەیاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی باجەکانی بکات، ئەوا چین تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکات و بەرەنگاریی دەبێتەوە.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش رایگەیاند: "فشار و هەڕەشە رێگەیەکی دروست نییە بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ چین".
دەشڵێت: "واشنتن سوورنییە لەسەر دانوستان، ئەگەر بەڕاستی ئامادەیە بۆ دانوستان ئەوا دەتوانێت سەرەتا رێزو هەڵوێستی یەکسان بۆ سوودی هەرودوولا پەیڕەو بکات".
چین، کە رکابەریی سەرەکیی ئەمریکایە لەهەمان کاتدا هاوبەشیی بازرگانییەتی و بەڵێنی داوە بەهەمان رێژە باج بەسەر واشنتندا بسەپێنێت و لە 10ـی نیسانەوە کار بە بڕیارەکەی بکات.
لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ چین، بەلام ناتوانن ئەو کارە ئەنجامبدەن".
گوتیشی:"ئەگەر چین لەسەر ئەو بڕیارە سوور بێت ئەوا رێژەی باجەکەی بۆ 50٪ و زیاتریش زیاد دەکات".
فراوانبوونی ململانێی نێوان هەردوو وڵاتی بەهێزی ئابووری پشکی بازاڕە داراییەکانی ئاسیا و ئەمریکای دابەزاندووە و زیانەکانی نزیک کردووەتەوە لەماوەی پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، وەک بازاڕە داراییەکانی هۆنگکۆنگ و شەنگەهای، لە بەشێک لە بازاڕەداراییەکانیش زیانەکان مێژوویین و هەرگیز ئەو زیانەیان بەخۆیانەوە نەیانبینیوە وەک بازاڕە داراییەکانی تایوان.