بلومبێرگ: پێشبینيدەکرێت نرخي نەوتى خاو بۆ 40 دۆلار دابەزێت

پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایى ساڵى داهاتوو نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاو بۆ کەمتر لە 40 دۆلار دابەزێت.
ئاژانسى بلومێرگ بڵاویکردەوە، شرۆڤەکارانی کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینیدەکەن نەوتی برێنت لە کۆتاییەکانى ساڵی داهاتوو بۆ کەمتر لە 40 دۆلار دابەزێت.
هۆکارەکەشى بۆ کەمبوونەوەى بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی و بەرهەمى نەوتى ئۆپێک پڵەس گەڕاندووەتەوە.
پێشتر هەر یەکە لە گۆڵدمان ساکس و مۆرگان ستانلی پێشبینییەکانیان بۆ نرخى نەوتى برێنت 65 دۆلار و پێنج سەنت بووە.
بلومبێرگ ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهۆی زیادکردنى باجى گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رێوشوێنەکانی بەرپەرچدانەوەی وڵاتانی دیکەوە، کێشە بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی دروستدەبێت، ئەمەش مەترسییەکانی پاشەکشەی زیاتر کردووە.
پاش بڕیارەکانى ئیدارەى ئەمریکا بۆ زیادکردنى باجى گومرگى، بەسەر وڵاتاندا، نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا دابەزی و لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی خاو بە 64 دۆلار مامەڵەى پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا سەرەتاى هەفتەی رابردوو بە نزیکەى 75 دۆلار بووە.