زیادەى باجى گومرگى ئەمریکا نرخى نەوتى بەڕێژەی 3% دابەزاند

باجى زیادەى گومرگى ئەمریکا، نرخى نەوتى خاوى بەڕێژەى 3% لە جیهاندا دابەزاند.
نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بەڕێژەى 2.80% دابەزیوە و ئێستا یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت لە بازاڕەکانى جیهاندا بە 61 دۆلار و شەش سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.
هەروەها یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسیش بە 57 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەى پێوەدەکرێت و نرخەکەی بەڕێژەى 3.14% دابەزیوە.
هەفتەى رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بڕیاریدا، باجى زیادە بەرێژەى 10% بۆ 49% بخاتەسەر کاڵاى هاوردە بۆ ئەمریکا.
چین لە کاردانەوەى بڕیارەکانى ترەمپ بڕیاریدا 34% باج بخاتە سەر کاڵاى ئەمریکى، بەڵام لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، باجى سەر كاڵاى چینى بۆ 104% بەرزکردەوە و ئەمڕۆ 9ـى نیسانى 2025 چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئاژانسى بلومێرگ بڵاویکردەوە، شرۆڤەکارانی کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن، نەوتی برێنت لە کۆتاییەکانى ساڵی داهاتوو بۆ کەمتر لە 40 دۆلار دابەزێت.