ئەمریکا بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەناو حکومەتدا فراوانتر دەکات

test

کۆشکی سپی، فەرمانی بە دەزگا فیدراڵیەکانی ئەمریکا کردووە، سەرۆکی ژیریی دەستکرد دیاریبکەن و ستراتیجی بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکە لەلایەن حکومەتەوە دابڕێژن.

فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجەی ئەمریکا، لە یاداشتێکدا رێنمایی بۆ دەزگاکانی حکومەت ناردووە، بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکەکانی بەکارهێنانی فراوانی ژیریی دەستکرد بە کەمترین مەترسی، هەروەها پەرەپێدانی سیاسەتێکی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن، لە شەش مانگی داهاتوودا.

لە یاداشتەکەدا هاتووە "دەبێت دەزگاکان رێبازێکی بەرەوپێشچوون و داهێنان بگرنەبەر، کە سوود لەم تەکنەلۆجیایە وەربگرن بۆ یارمەتیدانی داڕشتنی داهاتووی کارەکانی حکومەت".

ئەم یاداشتە دوو فەرمان هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن دەرچوون، یەکێک لەوانە فەرمانی بە دەزگاکان کردبوو کە رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵک و دەستەبەرکردنی شەفافیەت بگرنەبەر و ئەوی دیکەیان سنووردارکردنی ژیریی دەستکرد بوو.

بە پێچەوانەی ئیدارەی پێشووەوە، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، چیدیکە "سنووردارکردنی ناپێویست بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی ئەمریکی لە ناو دەسەڵاتەکانی حکومەتدا ناسەپێنێت".