دوو کارمەندی مایکرۆسۆفت دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەکارەکانیان لابران

test
ئیبتیهال ئەبو سەعد، لە کۆنفرانسێکی مایکرۆسۆفتدا ناڕەزایەتی دەربڕی و لە کارەکەی دوورخرایەوە وێنە:AP

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، دوو کارمەندی لە کارەکانیان دوورخستەوە کە لە یادی 50 ساڵەی کۆمپانیاکەدا، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکانی کۆمپانیاکە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربڕی.

مایکرۆسۆفت لە ئیمەیڵێکدا بە ئیبتیهال ئەبو سەعدی راگەیاندووە، دامەزراندنەکەیان بەهۆی "هەڵسوکەوتی نادروستەوە هەڵوەشاندووەتەوە".

ئیبتیهال یەکێک بوو لەو دوو خۆپیشاندەرەی کە رۆژی هەینی، 4ـی نیسانی 2025، لە بۆنەی یادی 50 ساڵەی مایکرۆسۆفتدا، مستەفا سلێمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژیریی دەستکردی مایکرۆسۆفتی بە کەسێکی قازانجکەر لە جەنگ ناوبرد و داوایکرد کۆمپانیاکە واز لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ جینۆساید لە ناوچەکە بهێنێت.

خۆپیشاندەری دووەمیش، کە ناوی ڤانیایە، گفتوگۆکانی بە بیڵ گەیتس، هاودامەزرێنەری مایکرۆسۆفت و ساتیا نادێلا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بڕی و ناڕەزایەتی بەرامبەر رێککەوتنی نێوان مایکرۆسۆفت و ئیسرائیل دەربڕی.

بەپێی ئیمەیڵێک کە لەلایەن ماڵپەڕی ڤێرجەوە بینراوە، ئیبتیهال لەلایەن مایکرۆسۆفتی کەنەداوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، لەکاتێکدا ڤانیا پێش خۆپیشاندانەکەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردبوو و رۆژی هەینی داواکەی قبوڵکرا و لەکارلابرا.