خانەی مێشکی مرۆڤ لەناو کۆمپیوتەری بایۆلۆجیدا بەکاردێت

لەوانەیە کاتێک سەیری وێنەکەی دەکەیت لە سێرڤەرێکی ئاسایی بچێت، بەڵام ئەمە بە یەکەم کۆمپیوتەری بایۆلۆجیی جیهان دەناسرێت. لەناو کۆمپیوتەرەکەدا تەنیا چیپەکان بوونیان نییە، بەڵکو خانەکانی مێشکی مرۆڤ تیایدا کاردەکات.
کۆمپیوتەرە بایۆلۆجییەکە لەلایەن تاقیگەى کۆرتیکڵەوە دروستکراوە، تێیدا نموونەیەک لە خوێنی گەورەساڵان یان پێست وەردەگرن و لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە دەیانکەنەوە بە خانەی بنەڕەتی و دواتر ئەمانە گەشە دەکەن و دەبنە دەمارەکان.
ئەم خانانەی مێشک، دەتوانرێت لەناو چیپی کۆمپیوتەردا دابنرێت و لەوێدا هانبدرێن بۆ ئەوەی دەستبکات بە فێربوون. سوودی سەرەکی دروستکردنی ئەم سیستمە بایۆلۆجییە ئەوەیە، وزەی زۆر کەمتر بەکاردەهێنێت لە بەرامبەر سیستمە دەستکردەکان.
بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری تاقیگەی کۆرتیکڵ ئاماژە بەوە دەکات، مێشکی مرۆڤ ئەندامێکی زیرەکە و زۆرترین کار بە وزەیەکی کەم دەکات.
هۆن ڤینگ چۆنگ، دامەزرێنەری تاقیگەی کۆرتیکڵ، دەڵێت: "ئێمە دەزانین مێشک ئەندامێکی سەرسوڕهێنەر و زیرەکە، کارێکی زۆر دەکات و بڕێکی کەم وزەشی پێویستە. بەمشێوەیە بڕیارماندا، رەنگە ئەمە فۆڕمێکی بەدیل بێت بۆ ئەوەی کۆمپیوتەری داهاتووی لێی دروستبکەین، بۆیە ئەم دەمارانە یان خانەکانی مێشک دەبەین، دەیانخەینە ناو چیپی کۆمپیوتەرەوە، چالاکییە کارەباییەکان دەخوێنینەوە و کەمێک پشتیوانییان بۆ دابیندەکەین، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر دەتوانن فێرببن، ئێستا تاقیکردنەوە بۆ توانای ئەم تەکنەلۆجیایە دەکەین"
بەگشتی مێشکی مرۆڤ تەنیا 20 وات بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا پرۆسێسەرە گەورەکانی ژیریی دەستکرد زیاتر لە شەش هەزار وات بەکاربهێنێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تاقیگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجامی ئەم کارە دەرکەتووە، ئەو خانانەی لە بەخشەرەکانیانەوە وەرگیراون، نەخۆشییەکانیش لەگەڵ خۆیان دەگوازنەوە، ئەمەش بابەتێکی سەرنجراکێشە بۆ لێکۆڵینەوە.
هۆن ڤینگ چۆنگ، بۆچونی وایە، کاتێک خانەکان لە بەخشەرەکان وەردەگرین، خانەکان ئەو نەخۆشییە جیاوازانە لە بەخشەرەکانەوە هەڵدەگرن کە بەخشەرەکان هەیانە، بۆیە ئەگەر نەخۆشێک تووشی سەرئێشە بووبێت و دەمارەخانەکانی مێشکى گەورەبووبێت، ئەوا خانەکانی مێشک کە لەو بەخشەرە وەرگیراون، گرژبوون پیشاندەدەن. ئەمەش بەڕاستی بابەتێکی سەرنجراکێشە بۆ لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی پەرەپێدانی دەمارەکان".
پسپۆڕان پێیانوایە، ئەم کۆمپیوتەرە بایۆلۆجییانە رێگەیەکی نوێ بۆ پێشکەوتنی سیستمەکانی کۆمپیوتەر پێشکەش دەکەن، کە ئەگەری فێربوونی خێراتر و بەکارهێنانی وزەی کەمترى هەیە، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو داهاتووی تەکنەلۆجیا.