چین و ئەمریکا سەرکێشی بە ژمارەکانەوە دەکەن

چین و ئەمریکا سەرکێشی بە ژمارەکانەوە دەکەن و لە بەرامبەر یەکتردا رێژەى باجەکان زیاتر و زیاتر دەکەن.
دوو وڵاتە زلهێزەکەی جیهان دەستیان داوەتە شەڕێکی بازرگانی، کە تیایدا بازاڕە داراییەکان سات بە سات زیانەکانیان کەڵەکە دەکەن و بەهۆی دابەزینی پشکەکانیشیان، زیانەکانیان زیاتر دەبێت و ئەم دۆخەش بە خوێنبەربوونی دارایی ناودەبەن.
ئەم شەڕە سەرەتا ئەمریکا دەستیپێکرد و باجی 10%ـی بەسەر هاوردەی کاڵا و شمەکی چینیدا سەپاند، لە بەرامبەردا چین بە هەمان رێژە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکای کردە ئامانج.
ناکۆکییەکە زیاتر قووڵبووەوە کاتێک لە 2ـی نیسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باجی لەسەر چین بەرێژەی 34% راگەیاند و چینیش هەمان کاری دووبارە کردەوە.
بەم کارەی چین نیگەرانییەکانی واشنتن زیادی کرد و باجی گەیاندە 104%، پەکینیش دەستەوەستان نەوەستا و زیادکردنی باجی 84%ـی راگەیاند، نیگەرانیی زیاتری سەرۆکی ئەمریکا لە دژی چین وایکرد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باج بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵگرێت لەسەر ئەو وڵاتانەی کاردانەوەیان نەبووە، و باجی چینیشی زیادکرد بۆ 125٪.
ئەو زنجیرە باجەی سەرۆکی ئەمریکا بەسەر 185 وڵاتدا سەپاندوویەتیی، زیاتر لە هەمووان زیانی بە چین و بازاڕە داراییەکانی ئاسیا گەیاندووە، بەربەستی نوێی لەبەردەم گەشەسەندنی ئابووریی چین هەڵچنی.
وەڵامدانەوەی چین بەرامبەر بەو باجەی بەسەریدا دەسەپێندرێت، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتیی دەرەوەی وڵاتەکە لە پێناو پاراستنی سەروەریی و بەرژەوەندییە گشتییەکانیاندایە.
لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، "مافی رەوای هاوڵاتییانى چینە، بێبەش نەبن لە گەشەسەندن، سەروەریی، بەرژەوەندی و ئاسایش و گەشەکردنی چین پێشێل ناکرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و زۆرەملێ لەپێناو پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە رەواکانمان بەرامبەر بە ئەمریکا".
دیارنییە کۆتایی ئەم شەڕە بازرگانییە چی دەبێت و لەکوێدا دەوەستێت، بەڵام ئەوەی ناوەستێتەوە، دەرکەوتن و لێکەوتەی کاریگەرییەکانە بەسەر پشکەکان، دراوەکان، کانزا، وزە و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهانە، ئەگەر هەردوو وڵات بەردەوامبن لە بەرزکردنەوەی رێژەکان لە ئەنجامدا دەروازەکانی ئاڵوگۆڕکردنی کاڵاو شمەک بەڕووی یەکتردا دادەخەن و دەستبەرداری قازانجەکانی ئاڵوگۆڕ دەبن لەگەڵ یەکتر.
بازرگانانی ئەمریکی و چینی گیرۆدەی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبن، بەجۆرێک ئەگەر فرۆشیارێکی ئۆتۆمبێلی چینی، ئۆتۆمبێلێک بنێرێتە ئەمریکا، کڕیاری ئەمریکی ناچار دەبێت سەرەڕای نرخی سەرەکیی ئۆتۆمبێلەکە 125%ـی باجیش بداتە گومرگی واشنتن لەپای ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەی، بەمەش نرخى کاڵا و کەلوپەلى هاوردە و هەناردەکراو لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، زۆر بەرزدەبێتەوە، ئەمەش زیان لە بەکارهێنەران دەدات.
لە ئەگەرى پچڕانى پەیوەندییە بازرگانییەکانیشیان، هەردوو وڵات بە ملیاران دۆلاری ساڵانەی بازرگانیکردن لەگەڵ یەکتر لەدەستدەدەن، چونکە ساڵی 2024 قەبارەی بازرگانیکردنی نێوانیان گەیشتە 582 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، لەو ژمارەیەش 438 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری هەناردەی چین بووە بۆ ئەمریکا.