یەکێتیی ئەوروپا: راگرتنی باج لەلایەن ئەمریکاوە هەنگاوێکی گرنگە

ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، راگرتنی جێبەجێکردنی باجە زیادکراوەکان لەلایەن ئەمریکاوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووریی جیهان.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەگەڵ ئەمریکا.
جەختیشی کردەوە، ئەوان بوونی مەرجی روون و چاوەڕوانکراو لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە گرنگ دەزانن، بەڵام دەبێت رێگری لەوە بکەن، بەرەو جەنگی بازرگانیی هەنگاو بنێت.
ئەم گوتانەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ ماوەی 90 رۆژ جێبەجێکردنی باج لەسەر کاڵای ئەو وڵاتانە رادەگرن کە وەڵامی ئەمریکایان بە سەپاندنى باج نەداوەتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەمریکا، چین کە وەڵامی باجە سەپێندراوەکانی ئەمریکای دایەوە و رێژەی باجی لەسەر کاڵای ئەمریکی بۆ 84% بەرزکردەوە، بڕیاری زیادکردنی باجی بەسەردا دەسەپێندرێت و لە رۆژی چوارشەممەوە جێبەجێدەکرێت، چینیش لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، بڕیارەکانی بەسەر کاڵای ئەمریکیدا دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.