ئەمریکا سزای نوێی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 9ی نیسان لە راگەیەندراوێکدا سزای بەسەر چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی ئێرانیی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دا سەپاند.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، بەهۆی پاڵپشتییان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەکی ئێرانییان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە 9ی نیسان لە رۆژی نیشتمانیی تەکنەلۆجیایی ئەتۆمی رایگەیاند, چەندینجار لە وێستگەکانیان پشکنینکراوە و ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە، گوتیشی، ئەگەر پێویست بکات با بێنەوە دووبارە پشکنین بکەنەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی سزاکان رێگرییە لە پەرەپێدان و دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
لەناو سزا نوێیەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا دامەزراوەکانی پەیوەست بە وزەی ئەتۆمی ئێران و کۆمپانیایی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیایی سەنتەرڤیوجەکانی ئێران هەیە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە بڕیارە شەممەی داهاتوو 12ی نیسان دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان تاران و واشنتن لە عومان بە ئامادەبوونی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبچێت.