گرنگیی یاریکردن لەگەڵ منداڵاندا چییە؟

لە چەند ساڵێکی سەرەتای تەمەنی منداڵاندا یاریکردن لەگەڵیان گرنگە، چونکە دەبێتەهۆی دروستبوونی زیاتر لە ملیۆنێک پەیوەندیی دەماری لە مێشکیاندا؛ ئەمەش وادەکات مێشکی منداڵان بە شێوازێکی تەندروست گەشەبکات و شێوازی کارکردنی مێشکی منداڵەکەش بە درێژایی ژیانی دیاریدەکات.
لەگەڵئەوەی جینەکانی منداڵەکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە شێوازی کارکردنی مێشک، بەڵام ژینگە و ئەزموونەکانیش رۆڵی گرنیان هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی زانکۆی هارڤارد، ئەو یارییانەی کە منداڵەکان تێیدا هەوڵی وەڵامدانەوە دەدەن، بەڕاستی وادەکەن مێشکییان تەندروستبێت و ئەگەری زیاتری هەبێت لە داهاتوودا کەسانێکی تەندروست، دڵخۆش و سەرکەوتوو دەربچن.
پێویستە دایکوباوکان لەکاتی یاریکردن لەگەڵ منداڵەکانیاندا رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
- پێویستە لەو کاتەی دایکوباوکەکە یاری لەگەڵ منداڵەکەیان دەکەن، سەرنجی تەواویان لەسەر یارییەکەبێت و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی مۆبایل یان ئەنجامدانی ئەرکەکانی دیکەیان
- پێویستە لەکاتی یارییەکەدا هەردوو منداڵەکە و دایکەکە یان باوکەکە بەشداربن، بە جۆرێک دایکەکە لەوانەیە بە رستەڕستە قسە لەگەڵ منداڵەکەی بکات و منداڵەکە تەنیا بە وشەیەک وەڵامی بداتەوە، یان لەوانەیە منداڵەکە تەنیا بەهۆی ئەو شتانەی دایکی دەیکات یان دەیڵێت، پێبکەنێت، بەڵام هەموو ئەمانە وەڵامن و سوود بە منداڵەکە دەگەیەنن
باشترین ئەو یارییانەی کە گرنگن لەگەڵ منداڵانی تەمەن شەش بۆ نۆ مانیگدا بکرێن:
منداڵان لەم تەمەنەدا وردەوردە فێری لاساییکردنەوە، جوڵە، لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریاندایە دەبن و تەنانەت فێری چەند وشەیەکیش دەبن.
باشترین یارییەکان بۆ منداڵانی ئەم تەمەنە:
- باوباوێن
- ئەو یارییانەی تیایاندا بوکەڵەیەک لە ژێر بەتانییەک دەشاریتەوە و یارمەتیی منداڵەکەت دەدەیت لە دۆزینەوەیدا
- قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەدا و کاتێک منداڵەکە هەوڵیدا قسەت لەگەڵ بکات، دەتوانیت وای پشانبدەیت کە شتێکی زۆر گرنگی گوتووە و پرسیاری لێبکەیت و وابکەیت هەوڵبدات زیاتر وەڵامتبداتەوە
- یاریی لاساییکردنەوە: لەم یارییەدا ئەگەر منداڵەکە شتێکی کرد، دەتوانیت لاساییبکەیتەوە، بۆنموونە لەوانەیە زمانی دەربکات، دەتوانیت تۆش لاساییبکەیتەوە و زمانت دەربکەیت. لەوانەیە منداڵەکە لەم تەمەندا حەزبکات چەپڵە لێبدات یان دەست بەسەر مێزێکدا بدات و تەپڵ لێبدات، بە ئەنجامدانی هەمان ئەم شتانە لەگەڵیاندا، دڵخۆشدەبن
- گۆرانی گوتن و سەماکردن لەگەڵیان
باشترین یارییەکان بۆ منداڵانی تەمەن 12 بۆ 18 مانگ:
لەم تەمەنانەدا منداڵان توانای قسەکردن و جوڵەیان باشترە و حەزیان لە لاساییکردنەوەیە.
باشترین یارییەکان:
- دروستکردنی خانوو یان هەرشتێک بە میکانۆ، پاشان دەتوانن پێکەوە بیڕووخێنن
- دەتوانیت وایدەربخەیت تەلەفۆنیان لەگەڵ دەکەیت و هەوڵبدەیت وەڵامتبدەنەوە
- بەکارهێنانی سەرین و بەتانی لە دروستکردنی شوێنی یاریکردن یان دروستکردنی شوێنێکی بەرز کە منداڵەکە بتوانێت بەسەریدا سەربکەوێت
- دەتوانیت لە ژێر بەتانییەک خۆت لە منداڵەکە بشاریتەوە و وابکەیت بتدۆزێتەوە یان خۆت خۆت ئاشکرابکەیت
- گۆرانیگوتن و سەماکردن لەگەڵی
- چوونەدەرەوە لەگەڵ منداڵەکەدا تەنانەت ئەگەر بۆ مارکێتێکیش بێت
- نابێت دایکوباوک لەگەڵ منداڵەکەیان تەنیا ئەو وشانە بەکاربهێنن کە منداڵەکە دەیانزانێت، بەکارهێنانی وشەی جیاواز لەگەڵیاندا بەسوودە
منداڵانی تەمەن 2-3 ساڵ دەتوانن هەمان ئەم یارییانە بەشێوازێکی قورستر بکەن.
دایکوباوکان پێویستە بەسەربردنی کات و یاریکردن لەگەڵ منداڵەکانیان لە پێش بەکارهێنانی مۆبایل و پاککردنەوەی ماڵەوە دابنێن، تەنانەت دەتوانن منداڵەکەیان یارمەتییان بدات لە کارەکانی ماڵەوە و وەکو جۆرێک لە یاریکردنی لێبکەن.