فوئاد حسێن: کێشەکانى هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان ناوخۆیین و پەیوەندییان بە تورکیاوە نییە

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە تورکیاوە رایگەیاند، گفتوگۆ لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت، کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن بەردەوامە بە ئامانجى دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوت.
گوتیشى، کێشەکە پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە و پەیوەستە بە ناوخۆى عێراقەوە.
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەوەشی گوت، "هەناردەکردنەوەى نەوت بەهۆى دۆسیەیەکى یاساییەوە وەستاوە، ئێستا گفتوگۆى جددى هەیە لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن بۆئەوەى بگەنە رێککەوتن".
گوتیشی، "ئەم بابەتە پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە، بابەتەکە پەیوەستە بەناوخۆى عێراق، هیوادارین لایەنە جیاوازەکان بگەنە رێککەوتن بۆئەوەى دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەرێگەى بۆرییەوە بکرێتەوە".
"قۆناغى داهاتوو پرۆژەی رێگەی گەشە دروستکردنى هێڵى ئاسن و شارى پیشەسازییە"
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە تورکیاوە رایگەیاند، پرۆژەى رێگەى گەشەپێدان لەنێوان عێراق و تورکیا و چەند وڵاتێکى دیکە لە قۆناغى جێبەجێکردندایە.
گوتیشى، بەشێکى پرۆژەکە فراوانکردنى بەندەرى فاوە، کە ئێستا ئەو بەشە لە قۆناغى کۆتاییدایە پاش ئەوە دەستبە دروستکردنى هێڵى ئاسن و شارى پیشەسازیی دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی گوت، "پرۆژەکە دەستیپێکردووە، چەند قۆناغێکى جیاوازى هەیە، قۆناغى یەکەم لێکۆڵینەوە و ئامادەکارییە، قۆناغى فراوانکردنى بەندەرى فاو لە کۆتاییدایە".
راشیگەیاند، "قۆناغى داهاتوو پرۆژەى دروستکردنى هێڵى ئاسن و شارى پیشەسازییە، پرۆژەکە لەسەر ئەرزى واقیع دەستیپێکردووە، کە پرۆژەیەکى گەورەیە پەیوەندیی بە عێراق و تورکیا و ژمارەیەک وڵاتى دیکەوە هەیە، کارکردن بۆ تەواوکردنى پرۆژەکە بەردەوامە بەڵام پێویستى بە کاتە".