کۆشکی سپی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران راستەوخۆ دەبن

کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران راستەوخۆ دەبێت.
دەربارەی دۆسیەی باجە گومرگییەکانیش گوتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "گەشبینە" سەبارەت بە ئەنجامدانی رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چین و بەڕوونی ئەوەی رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی کراوەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵیان.
ئەمە لەکاتێکدایە شەڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو زلهێزە ئابوورییەی جیهان بەردەوامە و تاوەکو دێت، رێژەی سەپاندنی باجە گومرگییەکان لەسەر یەکدی بەرز دەکەنەوە.
کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی گوتیشی، "لەگەڵ سەرۆک و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی گفتوگۆم کردووە، کە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەو گفتوگۆیانە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران راستەوخۆ دەبن و دەمەوێت ئەوە زۆر روون بێت لای هەمووتان."
گوتیشی، "سەبارەت بە چین، سەرۆک زۆر بە روونی رایگەیاندووە، کە کراوەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ پەکین و لەو رووەوە گەشبینە."