"رۆبیو و بارزانی هاوڕان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەتی هەرێمی کوردستان"

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە ناوچەکە و راکێشانی وەبەرهێنەرانی دیکە بۆ داهاتوو.
پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تیشکی خستەسەر هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی لە فراوانکردنی هەلی بازرگانی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و بەهێزکردنی دیموکراسی.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەربارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە رایگەیاند، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.
راشیگەیاند، روبیۆ سوپاس و پێزانینی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا کردووە.