نێردەی ئەمریکا پێشنیازێک بۆ دۆخى ئۆکرانیا دەخاتەڕوو

test
کیس کێڵۆگ، نێردەی ئەمریکا لە ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا فۆتۆ: AP

لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتیدا، ئەمریکا پێشنیازێکى هاوشێوەی بەڕێوەبردنى بەرلینی پاش جەنگی دووەمى جیهان بۆ ئۆکرانیا دەخاتەڕوو، ئەویش مانەوەی هێزەکانی رووسیایە لە رۆژهەڵات و بڵاوەپێکردنی هێزی فەڕەنسی و بەریتانییە لە رۆژئاوای وڵاتەکە.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، کیس کێڵۆگ، نێردەی ئەمریکا لە ئۆکرانیا راگەیاند، هێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا دەتوانن وەکو بەشێک لە "هێزێکی دڵنیاکەرەوە" لە رۆژئاوای ئۆکرانیا بڵاوببنەوە، سوپای رووسیاش لە رۆژهەڵات بێت و هێزەکانی کیێڤیش لەنێوانیاندا بمێننەوە.

نێردەی ئەمریکا دەشڵێت، ئۆکرانیا وڵاتێکی گەورەیە و جێگەی چەندین سوپای تێدا دەبێتەوە، کە سەرجەمیان گرەنتیی ئاگربەست بکەن.

کیس کێڵۆگ، ئاماژەى بەوەشکردووە، دەکرێت دۆخێکی هاوشێوەی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لەپاش جەنگی دووەمى جیهانى لە ئۆکرانیاش پەیڕەو بکرێت، کاتێک شارەکە بەسەر رووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکادا دابەشکرا. گوتیشى "ئەمریکا بەهێزی زەمینی بەشداری ناکات".

هەرچەندە رۆژنامە بەریتانییەکە گوتەکانی کێڵۆگی وەکو پلانێک بۆ دابەشکردنی ئۆکرانیا لێکدایەوە، بەڵام نێردەی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە تۆڕی ئێکس رەتیکردەوە، ئەوە ئامانجی پێشنیازەکەی بێت و گوتی، رۆژنامەکە گوتەکانی "هەڵگێڕاوەتەوە و چەواشەکاریی" کردووە، دەشڵێت، " باسى لە جێگیرکردنی هێزێکی بەردەوام بۆ پاش ئاگربەست کردووە، بۆ پشتیوانی لە سەروەریی خاکی ئۆکرانیا".

loading....