شەش مووچە وەک پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوە بە خانەنشینان دەدرێت

test
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان

سست بەڕێوەچوونى رێکارەکانى مامەڵەى خانەنشینى، وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ناچار دەکات رێکارێکى نوێ بۆ مووچەى خانەنشینان بگرێتەبەر.

کارکردن بە یاساى ژمارە نۆى ساڵى 2014ـى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق لە کۆتایى ساڵى رابردووەوە هەزاران فەرمانبەرى سەروو 60 ساڵى لە هەرێمى کوردستان خانەنشین کرد و تاوەکو ئێستاش مامەڵەى زۆرینەیان تەواو نەکراوە.

ئەمساڵ فەرمانبەران سێ مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەى خانەنشینکراون هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە بە خەرجکردنى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەى خانەنشینان بۆ ئەوەى قەرەبووى ئەو ماوە زۆرەیان بۆ بکاتەوە کە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەشرەف فازڵ، بەڕێوەبەرى گەنجینەى دووى سلێمانى بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشکردنى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەى خانەنشینان دەکرێت، کە شەش مووچەیە.

گوتیشى، "بەهۆى زۆریى ژمارەیانەوە ناتوانرێت پێکەوە پاداشتەکە بدرێتە هەموویان و بەڵکو بە چەند قۆناغێک، بەڵام بە یەک گوژمە پارەکەیان پێدەدرێت".

وەزارەتى دارایی، دەسەڵاتى داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانى خانەنشینى بۆ راییکردنى مامەڵەى خانەنشینان، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە مامەڵەى چەند خانەنشین کراوە و لایەنى پەیوەندیدار لەو بارەیەوە داتاى جیاوازیان بە کەناڵ8 دا.

هەر بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، تەواوکردنى مامەڵەى سەرجەم خانەنشینان بەلایەنى کەمەوە تاوەکو مانگى تەمموزى ئەمساڵ دەخایەنێت و نزیکەى سێ مانگى دیکەى پێویستە.

بەگوێرەى یاساى خانەنشینی یەکگرتووى عێراق، کە لە هەرێمى کوردستان کارى پێدەکرێت، ئەو خانەنشینانەى خزمەتى فەرمانبەرییان سەروو 25 ساڵە 18 مووچەیان وەک پاداشت پێدەدرێت، کە شەش مووچەیان لە فەرمانگەکەى خۆیانە لەگەڵ پاداشتى خزمەتى فەرمانبەرى، کە ئەویش 12 مووچەیە، بەڵام ئەوانەى خزمەتیان لە 25 ساڵ کەمترە تەنیا شەش مووچەى مۆڵەتى کۆکراوەیان بۆ خەرج دەکرێت.

loading....