هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن

test
ئەمریکا داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای دوو مانگ لە تێپەڕاندنی بەربەستە یاساییەکانی بەردەمی، هێشتا لە قۆناغی گفتوگۆ و دانیشتنی دووقۆڵی و سێقۆڵی دەربازی نەبووە.

بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدوایدا سەردانە رانەگەیەندراوەکەی سودانی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ئەگەرەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی بەهێزترکردووە.

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق رۆژێک پێش سەردانەکەی سودانی لە تورکیاوە رایگەیاند، گفتوگۆ لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت بەردەوامن بە ئامانجى دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوت.

کۆبوونەوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت کە تێیدا، "باسیان لە پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد"..

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی 2ـی شوباتى 2025، یاسای بودجەی گشتیی هەموارکردەوە و نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوتی لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد کرد.

لەوکاتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیانەوتییەکان چەند جارێک کۆبووەتەوە، بەڵام مەرجەکانی هەردوولا بەربەستیان لەبەردەم هەناردەکردنەوە دروستکردووە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، رەتیدەکاتەوە ئەو 16 دۆلارەی کە هەمواری یاسای بودجە دانراوە بۆ هەردوو پرۆسەی دەرهێنان و گواستنەوە بێت و هەروەها داوای پێدانەوەی قەرزەکانی رابردوو و گرەنتیکردنی حەقدەستی داهاتوویان دەکات بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات شایستەدارییەکانیان راستەوخۆ بخرێتە هەژمارێکی بانکییەوە لە ئەمریکا.

هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بە بۆری لە 25ـی ئازاری  ساڵی 2023ـەوە راگیراوە و بەگوێرەی داتاکانی ئەپیکور بێت، لەوکاتەوە زیاتر لە 28 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی و کورستان گەیشتووە.

ئەپیکور کە لایەنی سەرەکیی پرسەکەیە، لە دوایین راگەیەندراویدا حکومەتی عێراق تۆمەتبارکرد، کە ئامادەی دانوستان نییە بۆ چارەسەرکردنی گرێبەستە نەوتییەکان کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کورستان واژۆکراون.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش وەڵامی ئەپیکوری دایەوە و بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بەوەکرد، هەرکاتێک گفتوگۆکان دەچنەپێشەوە لایەنێک بەربەست لەبەردەمیدا دروستدەکات.

loading....