هونەر چییە؟

test

هونەر تەنها لە شێوەکاری و وێنەکێشاندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی، حەوت بواری جیاوازی سەرەکیی هونەر هەن، کە بریتین لە:

وێنەکێشان، پەیکەرسازی، تەلارسازی، ئەدەب، موزیک، نواندن و سینەما، کە پێکڕا بە حەوت هونەر یان حەوت رەنگە دەناسرێنەوە.

کۆنترین جۆری هونەر، هونەری کێشانەوەی وێنەیە، مرۆڤە سەرەتاییەکان، لەڕێگەی کێشانی وێنەی ئاژەڵ و چالاکییە رۆژانەییەکانیان، وێنەیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشاوەتەوە، کۆنترین وێنەی کێشراویش کە تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ 40 هەزار ساڵ پێش زاین.

پەیکەرسازی پاش وێنەکێشان، دووەم کۆنترین هونەری مرۆڤایەتییە، بەنزیکەی 35 هەزار ساڵ پێش زاین، مرۆڤە سەرەتاییەکان پەیکەریان دروستکردووە، کۆنترین بەڵگەی دۆزراوەش سەبارەت بە پەیکەرە دێرینەکان، ئەوانەن کە بە پەیکەرە بچکۆلانەکانی ڤینۆس ناسراون.

موزیک یەکێکە لە دێرینترین جۆرەکانی هونەر، گەرچی تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نەیتوانیوە مێژووی موزیک بەدیارییکراوی ئاماژە پێبدات، بەڵام کۆنترین بەڵگەی ئامێرێکی موزیکی، دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر و ئامێرێکی فوودارە لەسەر شێوەی فلوت.

تەلارسازی بەنزیکەی 10 هەزار پێش زاین لەمەوبەر سەریهەڵداوە، لەگەڵ جێگیربوونی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە پێگە جوگرافییەکان و دەستبەرداربوونی شێوازی ژیانکردنی راوچی کۆکەرەوە، هەر زوو بیرۆکەی بنیادنانی خانوو و پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانیان داوە، بۆ ئەمە مەبەستەش، بیریان لە داهێنانی هونەرێکی نوێ کردووەتەوە کە بە هونەری تەلارسازی ناسراوە.

ئەدەب، بەنزیکەی لە ساڵی سێ هەزار پێش زاین دەرکەوتووە، سۆمەرییەکان پێشەنگی نووسینەوەی ئەدەبن، بەو هۆکارەی ئەم بوارە هونەرییە پشتێکی گەورە بە نووسینەوە دەبەستێت، هۆکاری سەرهەڵدانی وەکو بەشێک لە هونەر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی نووسین، بە گوتەی شارەزایانیش، ئەدەبی زارەکیی مێژووەکەی لەم رێکەوتە زۆر دێرینترە، بەڵام تاوەکو گێڕانەوەکان نەنووسرێنەوە، نابن بە جۆرێک لە هونەر.

یۆنانییە کۆنەکان، بە باوک داهێنەری هونەری شانۆ ناسراون، شانۆش وەکو یەکێک لە دیارترین بوارەکانی هونەر، لە سەدەی شەشەمی پێش زاین نەشونمای کردووە و بووە بە هەوێنی گێڕانەوە درامی و تراجیدییەکان.

سینەما نوێترین بواری هونەرە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، ئەم هونەرە لە کۆتاییەکانی سەدەی 19، بەشێوەیەکی سەرەتایی سەریهەڵداوە و خۆی لە نمایشکردنی وێنەی جووڵاو بینیوەتەوە، پاشان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە و لە ئاستی ناوەڕۆکدا چەندین بواری هونەریی لەخۆگرتووە و ئێستا لە دیارترین بوارەکانی هونەری جیهانە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، چەندین جۆری جیاوازی هونەر لە دەرکەوتن و شێوەگرتندان، شارەزایانی بواری هونەر، ئاماژە بەوە دەدەن؛ هەریەک لە بوارەکانی: فۆتۆگرافی، هونەری دیجیتاڵی، یارییە ئەلیکترۆنییەکان و گرافیک دیزاین، بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێن کە دەکرێت بەگوێرەی تایبەتمەندییەکانیان، لە داهاتوودا وەکو بواری سەرەکیی و سەربەخۆی هونەریی هەژماربکرێن.

loading....