رووسیا: لە ناوچەى کورسک 175 سەربازی ئۆکرانى کوژراون
یەسنا ئومێد 13/04/2025

وەزارەتى بەرگریى رووسیا رایگەیاند، شەوى رابردوو سیستمی بەرگرییان 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان خستەخوارەوە و لەپێشڕەوییەکانى ناوچەی کورسکیشدا 175 سەربازی ئۆکرانی کوژراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرایکرد، 13 فڕۆکەکە لەناو خاکی وڵاتەکەیان تێکشکێندراون، 12 لەو فڕۆکانە لە ناوچەی رۆستۆڤ و یەکێکیشیان لە بێلگورد بووە.
هەر لە راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، "هێزەکانیان لەپێشڕەوییەکانیان لە ناوچەی کورسک بەردوامن و لەماوەی یەک رۆژدا هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 175 سەربازیان لە دەستداوە، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەر کەرەستە سەربازییەکانى سوپاکەیان کەوتووە".
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، گفتوگۆکانی بەستنی ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە هاریکاری ئەمریکا بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێک.
loading....