راپۆرتێکی ئەمريکی: رۆژی شەممە ئێران داوای هەڵگرتنی سزاکان دەکات

test
مەیدانی ئازادی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران. فۆتۆ: AP

رۆژنامەی وۆڵ ستريت جۆرناڵی ئەمريکی رايگەياند، ئامانجی ئێران لە دانوستانەکانی رۆژی شەممەی داهاتوودا هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەيەتی لە بەرامبەر رازيبوون بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمييەکەی.

پاش کۆبوونەوەی دوێنێیان، رۆژی شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە  ئێران و ئەمريکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ دەکەن.

رۆژنامەی وۆڵ ستريت بە پشتبەستن بە زانياریی چەند سەرچاوەيەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان رايگەياندووە، پێشنیازەکانی ئێران تاوەکو رادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بووە، کە لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا ئەنجامدرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە ساڵی 2018دا لە خولی يەکەمی سەرۆکايەتییەکەی لەو رێککەوتنە کشایەوە و بە یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان، کە ئەمریکا ئەنجامیدابێت، وەسفیکرد.

لەو رێککەوتنەدا کە دەيەيەک لەمەوبەر ئەنجامدرا، ئێران قايل بوو بەوەی بەرنامە ئەتۆمييەکەی سنووردار بکات لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی دوێنێش، کۆشکی سپی بە "هەنگاوێک بۆ پێشەوە" وەسفیکرد، هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خولی داهاتووی دانوستانەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خشتەی کاتی دانوستانەکان و چوارچێوەیەکی گشتی بۆ رێککەوتنی نوێی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت.

عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکيدا، لەگەڵ ميديای وڵاتەکەی گوتی، "هەرچەندە ئاسان نابێت، ئێمە هەوڵدەدەین لە زووترینکاتدا بگەینە رێککەوتن".

هەریەک لە تاران و واشنتن، دڵنیاییان داوە، ئامانجی سەرەکييان لە کۆبوونەوەکانی مەسقەت، بنيادنانی متمانە و دانانی بناغەيە بۆ دانوستانی زياتر.

ترەمپ چەندينجار ئامادەیی خۆی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ رێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی راگەیاندووە، بەڵام دواجار نامەیەکی ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و داوای دانوستانی راستەوخۆی کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ و داواشيکرد لەماوەی دوو مانگدا رێکبکەون.

loading....