گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ترەمپ بەردەوامن

test
گردبوونەوەی هەزاران هاوڵاتیی ناڕازی لە لۆس ئەنجلس، دژ بە دۆناڵد ترەمپ

گردبوونەوەی هەزاران هاوڵاتیی ناڕازی لە لۆس ئەنجلس، دژ بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەچوو. گردبوونەوەکە لە لایەن سیناتۆرێکی سەربەخۆ و نوێنەری دیموکراتەکانەوە لەو شارە بەڕێوەدەبرا.

هەڵمەتەکە ناونراوە "شەڕکردن دژ بە ئۆلیگارشی"، یاخود شەڕکردن لە دژى "دەسەڵاتداریى کەمینە" وەک ئاماژەیەک بۆ قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپ و ئیدارەکەیەوە.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری تەمەن 84 ساڵ سەرپەرشتیى چالاکییەکەى لۆس ئەنجلسى کرد و رەخنەى توندى لە دۆناڵد ترەمپ گرت.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆی ئەمریکی گوتی، "ئێمە لە سەردەمی سەرۆکێکدا دەژین، کە هیچ تێگەیشتن و رێزێکی بۆ دەستووری ئەمریکا نییە و بەخێرایی کۆمەڵگا بەرەو تاکڕەویی دەبات، بەڵام ئێمە پێی دەڵێین: بەڕێز ئێمە نابینە بەشێک لەو کارانەت."

سەپاندنی باجە گومرگییەکان، واژۆکردنی فەرمانە جێبەجێکارییە توندەکان و بەشێک لە بڕیارەکانى ترەمپ، لە ماوەی گەڕانەوەیدا بۆ کۆشکی سپی، ناڕەزایەتیی جەماوەریی لە ناوخۆی ئەمریکادا لێکەوتووەتەوە.

ئەلێکسەندریا ئۆکاسیۆ، تەمەن 35 ساڵ و نوێنەری دیموکراتەکان لە نیویۆرک، هاوشێوەى بێرنی ساندەرز دژە ترەمپە و هەڕەشەى شکست پێهێنانى دەکات.

ئەلێکسەندریا ئۆکاسیۆ، نوێنەری دیموکراتەکانی نیویۆرک دەڵێت، "دۆناڵد ترەمپ لادان نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی لۆجیکیی سیستمێکی سیاسیی ئەمریکییە، کە پارەی رەشی کۆمپانیاکان زاڵە بەسەریدا، ئێستا ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی شکستی پێ بهێنین، دەبێت ئەو سیستمە شکست پێبهێنین، کە ئەوی بەرهەمهێناوە".

لە گردبوونەوەکەى لۆس ئەنجلسدا، بێرنی ساندەرز، ترەمپى بە ئاڕاستەکردنی ئەمریکا بەرەو چینی ملیاردێرەکان، لەناوبردنی هەلی کار، دژایەتیی بەها دیموکراتی و مرۆییەکان و بە رۆبۆتکردنی مرۆڤ تۆمەتبار کرد.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆی ئەمریکی  لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لێرەین، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی حکومەتی گەل بۆ گەل، لەناوناچێت و نابێتە حکومەتی چینی ملیاردێرەکان بۆ ملیاردێرەکان، مەسک و هاوڕێکانی، تەنیا ئێوە وەکو کرێکارێکی پەراوێزخراو دەبینن و دەیانەوێت خۆیان رزگار بکەن لێتان و بە رۆبۆت و ژیریى دەستکرد جێگاکەتان پڕبکەنەوە، دەبێت بەوە رازی نەبین و بڵێین ببوورن، ئێمە مرۆڤین".

تەنیا لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە 100 فەرمانی جێبەجێکاریی واژۆکردووە، 20 فەرمانییان لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا بوون، هیچ سەرۆکێکى ئەمریکا نییە هێندە فەرمانى دەرکردبێت.

فەرمانەکان لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە تاوەکو دەرچوون لە رێککەوتنی پاریس، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە و سەپاندنی باجى گومرگی و چەندین بوارى دیکە دەگرنەوە.

loading....