محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو لە جێگەی حەسەن تۆران بووە سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق

دواى دەستلەکارکێشانەوەى حەسەن تۆران، لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانیی عێراق، محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو، بە سەرۆکی بەرەکە هەڵبژێردرا.
بەرەى تورکمانیى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، مەکتەبى سیاسیی بەرەى تورکمانى، لە کۆبوونەوەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەى حەسەن تۆران سەرۆکى بەرەکەى پەسەندکرد و بە کۆى دەنگ محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو، گوتەبێژی بەرەکەى بە سەرۆک هەڵبژارد.
حەسەن تۆرانیش پاش دەستلەکارکێشانەوەی، پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو کرد کە بووە بە سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حەسەن تۆران، لە نووسراوێکدا بە بێ ئەوەى هۆکارەکەى ئاشکرابکات، دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە سەرۆکى بەرەى تورکمانى راگەیاند و بەڵێنیدا پشتیوانیی هەر کەسێک بکات کە دەبێتە جێگرەوەی و هاوکاریی بکات.
حەسەن تۆران لە 28ى ئازارى 2021 لە شوێنى ئەرشەد ساڵحى بووەتە سەرۆکى بەرەى تورکمانى، لە 23ـى ئایارى 2022 لە کۆنگرەى دووەمى بەرەى تورکمانى، کە لە کەرکوک بەڕێوەچوو، بە سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوە.
بەرەی تورکمانیی عێراق لە ساڵی 1995 لە هەولێر بە سەرۆکایەتیی سەعدەدین ئەرگیج دامەزرا، ئەو بەرەیە ئامانجی خۆی بە پاراستنی پەکپارچەیی خاکی عێراق و داکۆکیکردن لە تورکمانەکانی عێراق ناساندووە.
زۆربەی چالاکییەکانی بەرەی تورکمانیی عێراق لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر و نەینەوادایە.