جیاوازیی نێوان دەرمانی براند و دەرمانی کۆپی بزانن

گران جاف 13/04/2025
test

یەکەم: دەرمانی براند
بەو دەرمانە دەگوترێت کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمان دەدۆزرێتەوە و لەڕووی زانستییەوە لەلایەن دەزگاکانی دەرمان وەکو دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی یان دەزگای پزیشكیی ئەورووپی دانیپێدادەنرێت بەمەبەستی رێگریکردن، دەستنیشانکردن یان چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی دیاریکراو. دەواتر ئەم کۆمپانیایە تەنیا خۆی مافی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی هەیە بۆ دەرمانەکە تاوەکو ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ نموونە 10 ساڵ، لەوکاتەدا هیچ کۆمپانیایەکی دیکە مافی دروستکردن و بەبازاڕکردنی دەرمانەکەی نییە.

دووەم: دەرمانی جەنەریک
بریتییە لەو دەرمانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمان بەرهەم دەهێنرێت و بەبازاڕکردنی بۆ دەکرێت دوای تەواوبوونی ماوەی مافی بەرهەمهێنانی دەرمانەکە لەلایەن کۆمپانیای براندەوە و وەرگرتنی رەزامەندیی ئەو کۆمپانیایەی لە بنەڕەتدا دەرمانەکەی دۆزیوەتەوە، لەم کاتەدا کە دەرمانەکە بەرهەمدەهێنرێت پێی دەگوترێت جەنەریک.

سێیەم: دەرمانی کۆپی
بەو دەرمانە دەگوترێت کە کۆمپانیایەکی دەرمان بەرهەمی دەهێنێت بەبێ ئەوەی رەزامەندیی کۆمپانیای بەرهەمهێنی براند وەربگیرێت.

سەبارەت بە هەر سێ جۆرەکەی دەرمان، دەتوانین بڵێین دەرمانی براند باشترینە لەڕووی کارکردن و کاریگەریی لاوەکی، بەڵام نرخی گرانترە. دەرمانی جێنەریک هەمان بڕ و شێوازی کارکردنی دەرمانی براندی هەیە، بەڵام پێویستە پشکنینێکی تایبەتی بۆ بکرێت کە پێی دەگوترێت پشکنینی هاوتابوونی زیندەیی، ئەمەش بەمەبەستی دیاریکردنی شیاویی بەکارهێنانی دەرمانەکە.
بەڵام دەرمانی کۆپی دەرمانێکی باوەڕپێنەکراوە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە دەرمان و بەکارهێنانی رێگەپێدراو نییە.

د. یاد حەمید، پسپۆڕی دەرمانسازی

13/04/2025