کرێملن: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ باشە

test
دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن

کۆشکی کرێملن رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بە باشی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام نابێت چاوەڕوانی ئەنجامی خێرا بکرێت، بەهۆی ئەو زیانانەى لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەر پەیوەندییەکانیان کەوتووە.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن، لە وەڵامی پرسیارێکی میدیاى فەرمیی رووسیا، لەبارەی دۆخی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتن گوتی: هەموو شتێک زۆر باشی بەڕێوەدەچێت.

پیسکۆڤ راشیگەیاند، پەیوەندییەکان لە چەند ئاستێکی باڵادا بەڕێوەدەچێت، لەوانە لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و دەزگا هەواڵگرییەکان، هەروەها کیریل دیمیتریڤ، نێردەی پوتن بۆ کاروباری وەبەرهێنان، لە گفتوگۆکاندا بەشدار دەبێت.

گوتەبێژی کرێملن گوتیشی، مەحاڵە چاوەڕوانی ئەنجامێکی خێرا بکرێت، بەهۆی ئەو زیانە زۆرانەی لە سەردەمی بایدن بەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کەوتوون، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کاتی پێویستە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ترەمپیش، پیسکۆڤ گوتی، هەردوولا لەسەرخۆ ئامادەکاری بۆ ئەو دیدارە دەکەن، ئەوەشی نەشاردەوە، هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان کاری جددی و سەختی پێویستە.

دۆناڵد ترەمپ، چەندینجار رایگەیاندووە، دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بهێنێت و دوای ئەوەی ستیڤ ویتکۆف، نێردە تایبەتەکەی لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن کۆبووەوە، ترەمپ گوتی، پێدەچێت گفتوگۆکان بەئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بە باشی بەڕێوەبچن.

loading....